Accessibility links

دکتۆر جەبار قادر: کورد براوە بووە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا بەڵام ژمارەی دەنگی کورد کەمی کردووە


بەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی شارەوانییەکانی تورکیا کە قورسترین شکست بوون بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا لە 22 ساڵی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا، جارێکی تریش بابەتی گۆڕینی دەستوری ئەو وڵاتە گەرموگوڕ دەکاتەوە.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا دەڵێت "چ بۆ پارتەکەی ئەردۆغان و چ بۆ ئۆپزسیۆنەکان، بابەتێکی گرنگە کە ڕزگاریان بێت لەو دەستورەی کودەتاچییەکان لە ساڵی 1982 دایانناوە، هەرچەندەش چەندین گۆڕانکاری و هەمووارکردنەوەی تیادا کراوە بەڵام هێشتاش سیماو تایبەتمەندێتی کودەتاچییەکانی پێوە ماوە، هەربۆیە وەک خۆیان دەڵێن دەیانەوێت دەستورێکی نوێ دابنێن."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ساڵی 2021ەوە دەستوری نوێی وڵاتەکەی لە کارنامەی سیاسی خۆیدا داناوە و پاش سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لە 28 مانگی 5ی ساڵی ڕابردوودا، جەختی دەکردەوە لەوەی هەبوونی دەستورێکی نوێی سیڤیلی لێبراڵ، ئەرکی سەرەکیی دەبێت و بە دوای ئەویشدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش ڕایگەیاند "پەرلەمان لەم خولەیدا لەسەریەتی دەستورێکی نوێی دیموکراتیانەی هەمەلایەن دابڕێژێت."
دکتۆر جەبار دەڵێت "ئەو دەستورەی کە پارتەکەی ئەردۆغان بیری لێدەکاتەوە زۆر جیاوازە لەوەی جەهەپە و پارتی دەم و هێزە دیموکراتییەکان لە تورکیادا بیری لێدەکەنەوە؛ پارتی داد و گەشەپێدان دەخوازێت ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی پارتێکی ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدەستیهێناوە لە دەستوردا جێگیر بکرێن و سیمای کۆماری تورکیا لە کەمالیزمەوە بگۆڕێت بۆ سیمایەکی ئاینیانەی پارێزکار؛ بەڵام ئەوەی لایەنەکانی تر دەیانەوێت، شتێکی تەواو جیاوازە و دەیانەوێت کرانەوەی زیاتر بێت بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا و پێوانەکانی یەکێتی ئەوروپاش لە دەستوری نوێدا جێگیر بکەن."

ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وەک دکتۆر جەبار دەڵێت "هەروا بە ئاسانی نەگەنە بڕیاری کۆتایی کە پەسەندکردنی هەموو لایەنەکانی تورکیای لەسەربێت، هەربۆیە پێویستە چاوەڕوان بین، چاوەڕوانی ململانێ و کێبڕکێیەکی زۆر بین هەتا بزانین کام لایەنە دەتوانێت زیاتر دید و بۆچوونەکانی خۆی لەو پرۆسەی دانانی دەستوری نوێدا جێگیر بکات."

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە وەک دەڵێت "تا چوار ساڵی تر هیچ هەڵبژاردنێک لە تورکیادا نییە و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ کارکردنێکی هێمنانە لەسەر دەستوری نوێ بە بەشداری و سازانی لایەنەکانی ناو پەرلەمانەوە."

وەک پرەنسیپێک، کارکردنی هێمنانە، لە ڕەوشێکی ئارام و سەقامگیردا دەکرێت. هەر پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی تورکیا و سەرکەوتنی عەبدوڵا زێدان، کاندیدی پارتی دەم بۆ سەرۆکی شارەوانیی شاری وان، ئەو پۆستەی لێسەندرایەوە.

دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەیانگوت، بۆی نەبووە بچێتە هەڵبژاردنەوە.

ئەو هەڵوێستەی حکومەتی تورکیا بووە مایەی خۆپیشاندانی گەورە و ناڕەزایی گەورەی جەماوەریی نەک هەر لە وان بەڵکو لە زۆر شوێنی تری وڵاتەکەدا؛ ئەو شەپۆلانەی ناڕەزاییش بە بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا کۆتایی هات و بەپێی ئەو بڕیارەش بەڕێز زێدان، بە سەرۆکی شارەوانیی شاری وان دانرا.

دکتۆر جەبار دەڵێت "خۆپیشاندانەکان ملکەچییەکی کاتییان سەپاند بەسەر ئەردۆغان و لایەنەکەشیدا، چونکە ئەردۆغان و ئاکەپە نەیاندەویست ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە بێتە ئاراوە پاش ئەو شکستەی لە هەڵبژاردنەکاندا خواردیان و نایانەوێت کێشەیان بۆ دروست بێت. ئەردۆغان و ئاکەپە، تەنانەت بەر لە هەڵبژاردنەکانیش دەیانگوت زۆر دۆسێیان ئامادەکردووە لەسەر پارتی دەم و ڕابەرەکانیان و ئەوانەش کە پێشنیاز کراون، هەربۆیە پێموایە لە کاتێکی تردا دەسەڵاتداران ئەو کارتە بەکاردەهێننەوە، بەڵام ئایا لەم ڕەوشە نوێیەدا چەندێک دەتوانن جێبەجێی بکەن و کاردانەوەی خەڵک چۆن دەبێت؟ ئەمەش پرسیارێکە پێویستە چاوەڕوان بین و بزانین لە داهاتوویەکی نزیکدا چۆن دەکەونەوە."

یەکێک لەو بابەتانەی لە نێو ڕای گشتی تورکیادا باس دەکرێت لەپاش سەرکەوتنە گەورەکانی جەهەپە و دەم پارتی و شکستە بەرچاوەکەی ئاکاپە، بریتییە لە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیادا. بەڵام ئەوەی ئەم قۆناغە نوێیە چەندێک درێژە دەکێشێت و چەندێکیش دەتوانرێت بپارێزرێت، هێشتا پرسیارێکی کراوەیە.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا دەڵێت " لە ئاستی هاوسەنگیی هێزەکاندا گۆڕانکارییەک ڕوویداوە، ئاکەپە شکستی خواردووە، جەهەپە بۆتەوە بە لایەنی یەکەم لەو وڵاتەدا، هەرچەندە پارتی دەم سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەڵام ژمارەی دەنگەکانی کەمی کردووە، یەکێک لە کێشەکانیش ئەوە بووە دەنگدەران لە دیاربەکر بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بە ڕێژەیەکی کەمتر چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان."

وەک دکتۆر جەبار ئاماژەی پێدەکات ئەو گۆڕانکاریانەی هاتوونەتە ئاراوە پێویست بەوە دەکات لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێن و بەتایبەتیش لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگی کورد و هەروەهاش لەسەر فاکتەرە نوێیەکانی لەو هەڵبژاردنەی 31ی مانگی 3ی تورکیادا هاتوونەتە ئاراوە وەک دەڵێت "بۆ نمونە دوو لایەنی ئیسلامی، پارتی هودا و پارتی ڕەفاهی نوێ بەتایبەتیش کە لە ناوچە کوردییەکاندا دەستکەوتیان هەبووە، لەو ڕوانگەیەوەی کە هێزی نوێی سیاسی خەریکە سەنگیی و هێز پەیدا بکەن لە کوردستان و ڕەنگە لەسەر ئاستی تورکیاش، بێگومان ئەمەش کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا دێنێت."

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەهایان کردووە هەر هیچ نەبێت ژمارەیەک لە لایەنەکان کە شکستی گەورەیان هێناوە پێداچوونەوە بکەن بە سیاسەت و ڕێبازەکانیاندا، ژمارەیەکیش لە کاربەدەستانی ئەو لایەنانە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە، لەوانە بوغرا کاونجو، بەرپرسی پارتی باش لە ئەستانبوڵ کە هەر خۆیشی کاندیدی لایەنەکەی بوو لەو شارەدا، یەڵماز بێڵچی، بەرپرسی سیاسەتی ئابوری و بڕیارە پارتی باش وەک دەڵێت بەم زووانە کۆنگرەی خۆی دەکات.

پارتی دیموکراتی و پێشکەوتن کە عەلی باباجان سەرۆکایەتی دەکات بڕیاریداوە پاش 3 مانگی تر کۆنگرەیەکی نائاسایی هەبێت.

XS
SM
MD
LG