Accessibility links

بەربژێرەکەی دەم پارتی لە وان بڕوانامەی سەرکەوتنەکەی وەردەگرێت


کاندیدی سەرۆکی شارەوانی وان لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، عەبدوڵڵا زەیدان ڕۆژی هەینی بە فەرمی باوەڕنامەی سەرکەوتنەکەی وەرگرت.

زێدان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی سێی تورکیادا بە ڕێژەی 55%ی دەنگەکان سەرکەوت، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی شارەکە ڕایگەیاند بەو پێیەی مافی خۆ هەڵبژاردنی ڕەتکراوەتەوە، ئەو کورسییەی پێنادرێت، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا، دواجار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان (ی.س.ک) بڕیاریدا سەرکەوتنەکەی زیدان پەسەند بکرێت.

بەربژێرەکانی پارتی دەم، زەیدان و نەسلیهان شەدال پێکەوە بڕوانامەی سەرکەوتنەکەیان وەرگرت و شەدال ئاماژەی بەوەکرد، سەدان ساڵە خەبات بۆ یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی دەکەن.

هەروەها گوتیشی لە بڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکان بە هەمان بیرۆکە تێدەکۆشن و زەیدانیش ڕایگەیاند کە بە بڕیاری یەسەکە، هیواکانیان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا زیاد کردووە.

گوتیشی "ئێمە بەرپرسیارێتیمان هەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد دروست بکەین. ئێستا کاتی ئەوەیە خزمەتێکی باش بۆ شارەکەمان و گەلەکەمان پێشکەش بکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد لەهەموو ڕوویەکەوە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شارەکە.

زەیدان هەروەها سوپاسی لایەنەکانی دیکەی کرد کە لە چارەسەرکردنی بابەتی بڕوانامەی سەرکەوتنەکەیدا یارمەتییان داوە.

بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایانگەیاند کە پێویستە لە پاڵ دیموکراسیدا بوەستن و پێویستە زەیدان بڕوانامەی سەرکەوتنەکەی بەدەستبهێنێت.

عەبدوڵا زەیدان لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی تورکیا سەرکەوتنی بە دەستهێنا وەک سەرۆکی شارەوانی شارەکە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگریان کرد لە پەسەندکردنی پۆستەکەی بەهۆی ئەوەی دادگا پێش هەڵبژاردنەکە بڕیاری ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی دابوو و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی وانیش نوێنەرێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی لە شوێنی ئەو دەستنیشان کرد.

زەیدان کە چەند ساڵێک بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە زینداندا بووە، لە ساڵی 2022لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو بەگوێرەی بڕیاری دادگا، ڕێگەی پێدرابوو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، بەڵام دوو ڕۆژ پێش دەنگدان ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە و دواتر دادگایەکی تورکیا فەرمانی دەرکرد کە زەیدان مافی ئەوەی نییە ببێتە سەرۆکی شارەوانی.

ئەم بڕیاڕەش بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شاری وان و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و پۆلیسی لێکەوتەوە.

لە هەمان کاتدا هەزاران کەس لە شارەکانی دیکەی تورکیا لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی ڕەتکردنەوەی زەیدان دەربڕی.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا بڕیاری دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنی زەیدان هەڵبوەشێنێتەوە. لە بەرامبەر ئەم بڕیارەشدا بەرپرسانی حزبەکەی زەیدان ڕایانگەیاند "ئیرادەی گەل سەرکەتووە."

ئاهەنگی سەرکەوتنی زەیدان لە هەڵبژاردنەکاندا لە شاری وان و دیاربەکر بەڕێوەچوو.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG