Accessibility links

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان تانە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەدات


پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان " دەم " ی لایەنگری کوردەکانی تورکیا داوای لە بەرپرسان کرد بڕیارەکەیان بۆ دوورخستنەوەی یەکێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی پارتەکە دوای هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها وتی تانە لە ئەنجامەکانی دیکە دەدات و دەڵێت " دەنگدەرە نایاساییەکان " ڕێگر بوون لە سەرکەوتنی پارتەکەدا.

تانەکانی پارتی دەم کە سێیەم گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی تورکیادا و لە هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی کوردن ئەنجامێکی باشی بە دەستهێناوە، گەورەترین ناکۆکیین لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ڕۆژی یەکشەممە لە سەرانسەری تورکیادا. لەو هەڵبژاردنانەدا پارتی ئاکپارتی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان شکستی هێنا، لە شاری وان بەربژێری پارتی دەم عەبدوڵا زەیدان لە سەدا 55.5 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا لە کاتێکدا کە کاندیدەکەی ئەردۆغان لەو شارەدا لە سەدا 27.2 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا.

بەڵام پارتی دەم وتی وەزارەتی داد ڕۆژی هەینی پێنج خوولەک پێش داخستنی ئۆفیسەکانییان و دوو ڕۆژ پێش دەنگدانەکە نامەیەکی ناردووە و تێیدا دژایەتی کاندیدبوونی زەیدانی کردووە، دواتر دادگایەک فەرمانی دەرکردووە کە زەیدان مافی ئەوەی نیە ببێتە سەرۆکی شارەوانی.

بەپێی بەڵگەنامەیەک لە دەستەی هەڵبژاردنی وانەوە و دەست ڕۆیتەرز کەوتووە دەردەکەوێت کە بەربژێرەکەی ئاکپارتی کە پلەی دووەمی لە شارەکەدا بە دەستهێناوە بڕیار دراوە ببێت بە سەرۆکی شارەوانی شارەکە.

پارتی دەم لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم بڕیارە هەڵەیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە. ئەم دەستپێشخەرییە کە خواستی هاووڵاتییانی وان پشتگوێ دەخات، نایاساییە."

هاوسەرۆکی پارتی دەم تولای حەتیمۆگولاری بە ڕۆژنامەنووسانی وت دەم ڕۆژی چوارشەممە ناڕەزاییەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان دەکات. وتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک وتی ئەو جۆرە تانەدانانە بابەتی دادن و حکومەت ناتوانێت دەستوەردان بکات تێیاندا. وتی " ئەگەر دەربکەوێت کە ئەوە لە ڕووی یاساوە ڕاست نیە، ئەوا دەبێت ڕێز لە بڕیاری ئەنجومەنی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بگرن."

ڕابەری پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پارتی گەلی کۆماری ( جەهەپە ) کە سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا بە دەستهێنا، وتی ڕادەستکردنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی بۆ کەسێک کە پلەی دووەمی بە دەستهێناوە " پشتگوێخستنی خواستی خەڵکی وان دەگەیەنێت."

دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی 2015 ەوە خەریکی سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوە سیاسییانەیە کە پشتیوانی لە کوردەکانی وڵاتەکە دەکەن، بە تۆمەتی پشتگیریکردنییان لە هێزە چەکدارییەکان تۆمەتبارییان دەکات.

بزووتنەوە سیاسییەکە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە بەڵام هەزاران کەسییان لێ دەستگیرکراوە و سەرۆک شارەوانییەکانیشی پێش هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دوورخراونەتەوە و بەرپرسانی دەوڵەت خراونەتە شوێنییان.

لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، دەستەیەکی ناوخۆی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکی سەر بە پارتی دەمی لە ناوچەی سانلیورفا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای دژایەتیکردنی ئاکپارتی. کاندیدەکەی پارتی دەم بە کۆکردنەوەی لە سەدا 33.2 ی دەنگەکان سەرکەوتنی بە دەستهێنا، کاندیدەکەی پارتی ئاکپارتی لە سەدا 30.72 ی بە دەستهێنا.

دەستەکە باسی لە ناڕێکی کرد لە هەندێک لە سندووقەکانی دەنگداندا و بڕیاریدا دووبارە لە 2 ی مانگی شەشدا هەڵبژاردن لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێتەوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، هاوسەرۆکی پارتی دەم تونچەر باکیرهان وتی 6,541 " دەنگدەری نایاسایی " بەکارهێندراون بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی پارتی دەم لە پارێزگای شرناخدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG