Accessibility links

شارەزایانی سیاسی دەڵێن ئەردۆغان دوای شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردن هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد و قەندیل "توندتر" دەکات


لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) بە جۆشەوە هاوار دەکەن کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوای هەڵبژاردنی شارەوانییە ناوخۆییەکانی تورکیا وتارێک پێشکەش دەکات، لە بارەگای ئاک پارتی لە ئەنقەرە لە 1ی چواری 2024.
لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) بە جۆشەوە هاوار دەکەن کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوای هەڵبژاردنی شارەوانییە ناوخۆییەکانی تورکیا وتارێک پێشکەش دەکات، لە بارەگای ئاک پارتی لە ئەنقەرە لە 1ی چواری 2024.

شارەزایان پێیانوایە کەمکردنەوەی دەنگەکان و شکستی پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەو وڵاتە، لە دوورمەودادا کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆزی کورد بەجێدەهێڵێت، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەردۆغان "ڕق و توڕەیی و شکشتی خۆی" لەسەر کورد بەتاڵ دەکاتەوە، بەتایبەت بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئەنوەر حوسێن بازگر، چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پاشەکشەی ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا کاریگەری ئەرێنی دەبێت هەم لەسەر ڕەوشی دیموکراسی لە تورکیا هەم گەلی کورد، ڕەنگە پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا بێ کێشە نابێت. لە تورکیا سەرباز حوکم دەکات، بۆی هەیە هەموو بڕیارەکان و دەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە."

وتیشی،" هێرشی سەر قەندیل لەسەر سەردانەکەی ئەردۆغان وەستاوە بۆ عێراق، وە دڵنیام کاریگەر و خوێناوی دەبێت، بەڵام پێم وانیە سەرکەوتوو بێت، ڕاستییەکە ئەردۆغان دەتوانێت شکستەکانی پێ داپۆشێت. ئەم پشتیوانیانەی کورد لە جەهەپە لە هێرش و ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل بەتاڵی دەکاتەوە."

دیمەنی دەنگدانی پیاوێک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ئامەد.
دیمەنی دەنگدانی پیاوێک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ئامەد.

ڕۆژی یەکشەممە، 31-3-2024، تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەنجامدا و بە گوێرەی ئەنجامەکان پارتی دەستەڵاتدار ئاک پارتی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا گەورەترین شکستی هێناوە و بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2019 ئاک پارتی 11 شاری گەورەی لەدەستدا.

لە ناوچە کوردییەکان، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم) ژمارەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بە کۆکردنەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 609 هەزار دەنگ توانیویەتی رێژەی %5.70 لە دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

پارتی دەم بەشێکی زۆر لە سەرۆک شارەوانی شارە کوردیەکانی بردووەتەوە، بەتایبەت لە شاری ئامەد و وان.

بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی لابردنی سەرۆک شارەوانیەکەی دەم پارتی و دانانی کاندیدێکی ئەکپارتی لە جێگەی، گرژی و ئاڵۆزی لەو وڵاتە دروست بوو، ئەمەش بە بڕوای چاودێران سەرەتای قبوڵ نەکردنی دەر ئەنجامەکان لە لایەن حکومەت و دروستبوونی ئاڵۆزی لە دوای پاشەکشەی پارتەکەی ئەردۆغان دادەنرێت.

ڕاگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:46 0:00

ئەنوەر حوسێن باز، چاودێری سیاسی و جێگری پێشووی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە سلێمانی، سەبارەت بە هەڵوێستەکانی پارتی دەسەڵاتدار ڕایگەیاند، "ئەدۆغان پێوەی دیاربوو کە دوای شکستەکەی هەڕەشە دەکات. هەرچەندە بە زارەکی وا نەبوو، بەڵام بەوەی هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی خستووەتە زیندان نیشانەی ئەوەیە ڕێزی لە دیموکراسی نەگرتووە."

هێرش بۆ سەر پەکەکە

ئەردۆغان لە ئێوارەی دوای تەواوبوونی ماوەی هەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکدا بۆ لایەنگرانی هەرەشەی بەردەوامی هێرشەکانی کرد بۆ سەر "جوداخوازە تیرۆرستەکان" و وتی، "ڕێگە نادەین سنورەکانی باشورمان ببن بە ناوچەی تیرۆرستان."

دیمەنی کۆمەڵێک چەکداری پەکەکەیە لە قەندیل لە برواری 13-8-2010.
دیمەنی کۆمەڵێک چەکداری پەکەکەیە لە قەندیل لە برواری 13-8-2010.

هەڕەشەکان لە کاتێکدان کە چاوەڕوا ندەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی چواردا ئەردۆغان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ حکومەتی عێراق پرسی شەڕی دژ بە پەکەکە تاوتوێ بکات.

دکتۆر نەوزاد هێتوتی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە سەر ئاستی دەرەكی سیاسەتی توركیا زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت بەتایبەت بەرامبەر كورد توندتر ببێت. دیارە دژایەتی كردنی كورد بەردەوام وەكو كارتێك بەكاردێت لەلایەن ھێزە سیاسییەكان بۆ ڕاكێشانی دەنگی ڕەگەزپەرستانی توركیا."

بەڵام سەرباری ئەگەری هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە، چاودێران دەڵێن حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان لەسەر سیاسەتی ڕابردووی بەردەوام دەبێت.

دکتۆر نەوزاد هێتوتی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ھەر ھێزێك لە توركیا فەرمانڕەوا بێت سیاسەتی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان گۆرانكاری گەورەی بەسەردا نایەت. سیاسەتی توركیا لە گەل ھەرێم خۆی لەوەدا دەبینیتەوە كە درێژە بە پەیوەندی بازرگانی دەدەن لە گەڵ ھەرێم بەو مانایەی ئەمە پەیوەندییەكی ناچارییە."

وتیشی، "توركیا سنووری لەگەل بەشی دیكەی عێراق نییە، ھەروەھا ھانی بەغدا و ھەرێم دەدات ھاوكار بن لە دژایەتی كردنی پەكەكە، ھەروەھا توركیا بە ھەموو شێوەیەك ڕێگری دەكات لەوەی ھەرێم بەرەو سەربەخۆ بچێت؛ كەواتە ھەر ھێزێك لە توركیا دەسەلاتدار بێت پێموایە لەو چوارچیوەیەدا سیاسەت دەكات."

لە سەر ئاستی دوو حزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی تورکیا لەگەڵ پارتی پەیوەندیەکی پتەوی هەیە. بەڵام بەرپرسانی تورکیا بەردەوام ڕەخنە لە یەکێتی دەگرن بەوەی گوایە ڕێگە بە چالاکی پەکەکە دەدات لە "زۆنی سەوز" و بەو هۆیەوە چەندین مانگە ئاسمانی تورکیا بەڕووی فرۆکەخانەی سلێمانی داخراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00

XS
SM
MD
LG