Accessibility links

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبیلێک لە نزیک چیای شنگال دەکاتە ئامانج


فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ئۆتۆمبیلێکی لە نزیک چیای شنگال کردووەتە ئامانج.

دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە چیای شنگال لە نزیک خێوەتگەی سەردەشت بەئامانج گرت، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی پەکەکە کوژراو و دوو چەکداری دیکەش بە سەختی بریندار بوون."

بەڵام میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن ئۆتۆمبیلێکی سیڤیل کراوەتە ئامانج و 2 کەسی سیڤیل برینداربوون.

لە 8ی مانگی سێشدا بەهۆی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ، 3 کەس کوژران، دەڵێن یەکێکیان فەرماندەیەکی پەکەکە بووە.

پێشتر شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە لە ناوەڕاستی مانگی سێدا سەردانی بەغدای کرد و لەوێ پێش سەردانێکی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە، پرسە سەرەکییە ئاسایشییەکانی تاووتوێ کرد.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی بەغدا و ئانکەرە دوای کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە کرا، بوونی هێزەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق " گوزارشت لە پێشێلکردنی دەستووری عێراق دەکات".

وەزیری درەوەی عێراق دکتۆر فوئاد حسێن لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند تورکیا نیگەرانی ئاسایشی هەیە و نیگەرانییەکانیشی هەبوونی پەکەکەیە، بەڵام دانی بەوەدا نەنان کە عێراق ڕەزامەندی دەربڕیبێت بۆ هێرشێکی فراوانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە ناو خاکی عێراقدا.

بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی موسڵمانان، کە لە هەفتەی دووەمی مانگی چوار کۆتایی دێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراق بکات.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG