Accessibility links

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن: "سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی هەر بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت"


ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال، داوای ڕێککەوتن لە نیوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان دەکات "لە پێناو بەرگریکردن لە بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان" و ئەو ئەگەرە ڕەتناکاتەوە کە هەڵبژاردنەکانی هەرێم جارێکی تر دوابخرێن.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێمان باشە حزبەکانی کوردستان لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتن بکەن و هەموو لایەنەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەشداری نەکردنی هەر حزبێک کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی هەڵبژاردن هەیە، بۆیە پێویستە ڕێککەون و هەڵبژاردن بکەن لەسەر بنەمای بەرگری کردن لە بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان."

زیرەک کەمال
زیرەک کەمال

سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دواخستنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ڕاوێژکارەکەی نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "سەرۆکایەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە دوا خستنی هەڵبژاردن نەداوە و کۆبوونەوەشی لەگەڵ هیچ حزبێکدا نەکردووە سەبارەت بەم بابەتە، هەرکاتێکیش شتێک هەبێت واتە بە پێی هەر گۆڕانکاریەک قسەمان دەبێت و سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی هەر بڕیارێک دەکات کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردن بێت."

ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا پارتی سورە لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و یەکێتیش جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەکتەبی سایسی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە بڕیاری کۆتایی حزبەکەی لە هەڵبژاردن ئەنجامدا. لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "یەکێتی جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە."

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، کە لە ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 دەرچوو، تایبەت بە کەمکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و دابەشبوونی هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن گەورەتر بوو.

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

یەکێتی بەو پێیەی بڕیارەکە لە بەرژەوەندی خۆی دەبینێت ئامادەیە بەشداری هەڵبژاردن بکات. بەڵام پارتی سورە لەسەر ڕەتکردنەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمدا و دەڵێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق سیاسی و بۆ بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستانە.

چاودێران و هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەم دۆخەی دروستبووە و هەندێک لە چاودێران هۆشداری لە مەترسی ئایندەی هەرێمەکە دەدەن و دەڵێن قەوارەکە لە بەردەم مەترسی گەورەدایە.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکخراوی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە لە پەیامێکی کراوەیدا بۆ سەرۆکی هەرێم داوای کردووە نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆڵی نێوانگیر لەم پرسەدا بنوێنن بۆ دەربازکردنی هەرێم لەم قەیرانە، کە بە وتەی ڕێکخراوەکە ئایندەی کیانی هەرێم دەخاتە بەر مەترسییەوە و ڕێگە خۆشدەکات بۆ حکومەتی عێراق کە لە لاوازی کورددا هەوڵی گۆڕینی دەستوری عێراق بدات.

لە بڵاوکراوەکەی پەیدا هاتووە، "ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەک پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت، بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ترسناكە، ئەركی بەڕێزتانە وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆتان بەكار بێنن و بەرپرسیارێتی مێژووییتان لەبەرچاو بگرن، بە سیاسەتێكی ژیرانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكەیەكەی رووداو و لایەنەكاندا بكەن، بە جۆرێك نە قەوارەی هەرێم زیانمەندبێت و ئەزمونەكە بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بكەوێتە تونێلێكی داخراوەوە."

ڕێکخراوەکە لە کۆتایی نامەکەیدا دەشڵێت، "ئەركی یاسایی، سیاسی، مێژوویی و ئەخلاقیی بەڕێزتانە هەرێم لەم دۆخە نەخوازراوە دوور بخەنەوە تا تەڕو وشكی تیادا نەسوتێنرێت، چونكە دواتر پەشیمانی دادی كەس نادات. تکایە با نەوەی ئەمڕۆی کوردستان سەرگەردان نەبن و نەوەکانی داهاتوش نائومێد نەکرێن و تۆمەتبارمان نەکەن بەوەی خودی کورد خۆی هۆکاری پێچانەوەی خوانی بەتەمەنترین ئەزموون و قەوارەی خۆی بووە لە مێژوودا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00

XS
SM
MD
LG