Accessibility links

بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت 2024 ساڵی یەکێتییە و پارتی دەڵێت هەڵبژاردن بەم شێوەیە "زۆر قورس" دەبێت


بەرپرسی بۆردی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری باشی کردووە و هەڵبژاردنی ئەمساڵ "هی یەکێتییە."

حاکم سابیر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بۆردی هەڵبژاردنی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک یەکێتی خۆ ئامادەکردنێکی باشمان کردووە، پێمان وایە ئەمجارە سەرکەوتنێکی باش بەدەست دەهێنین، دەنگمان زیاد و کەمی کردووە لە مێژووی هەڵبژاردنی هەرێمدا، بەڵام لەلامان شتێکی ئاسایی بووە."

وتیشی، "دەنگ و کورسییەکانمان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێماندەڵێن 2024 ساڵی یەکێتی و 2024ی یەکێتی دەبێت."

لێدوانی حاکم سابیر
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:48 0:00

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە (28ی دوازدەی 2023) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بە ناوچە جێناکۆکەکان و بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. بە پێی ئەنجامە ڕاگەیێندراوەکە، یەکێتی لە هەر چوار پارێزگای کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین نۆ کورسی بەدەستهێنا و پارتی لە ناوچەکان شەش کورسی برد.

سەرەڕای ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان کە یەکێتی وەک سەرکەوتنی خۆی پێناسەی دەکات، دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 دوو سکاڵایەکی یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم لە بەرژەوەندی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە و سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرد و 11 کورسی کۆتاکانی پەلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.

پارتی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند بەمشێوەیە بەژداری هەڵبژاردنی مانگی شەش ناکات.

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە پێمانوایە هەرکاتێک بچینە هەڵبژاردنەوە بەو جۆرەی کە باوەڕمان بە خۆمان هەیە و بە پێگەی جەماوەری و خۆ ئامادەکردنی خۆمان هەیە، ئێستا یان شەش مانگی تر بچینە هەڵبژاردنەوە هەر هێزی یەکەم دەبین."

ئاری هەرسین ڕەتیکردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردن ببێتە هۆی دروستکردنی باڵانس لە نێوان یەکێتی و پارتی و وتی، "باڵانسی هێز ئەگەر مەبەست لێی ئێمە ئاوت بکەن و خەڵکی تر بخەنە جێگەی ئێمە ئەوە قەت ڕونادات. باڵانسی هێز بەوە ڕادەگیرێت کە پەیوەندییەکی شیاو لەنێوان حزبەکاندا هەبێت لە چوارچێوەی حکومەتێکدا بە بوونی ئۆپۆزسیۆن، ئەوە ڕاگرتنی باڵانسە، ئەگەر ڕاگرتنی باڵانس بەوە لێکبدرێتەوە کە پارتی ئاوت دەکرێت واتە دەچینە ماڵەوە دادەنیشین و خەڵکی تر حوکمی کوردستان دەکات ئەوە خەونێکی خۆش خەیاڵیە و هەرگیز نایەتە دی."

لێدوانی ئاری هەرسین
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:40 0:00

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە 21ی مانگی دووی ئەمساڵ، ڕۆژی 3ی مانگی 3، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد و ڕۆژی 10ی مانگی 6ی ئەمساڵی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کرد.

سەرەڕای بڕیاری پارتی بە بەشداریی نەکردن لە هەڵبژرادن، یەکێتی پێداگری دەکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا.

حاکم سابیر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بۆردی هەڵبژاردنی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئێمە وەک خۆمان ئامادەین و دەچینە ناو پرۆسەکە. هەموو حزبێکیش ئازادە ئێمە باوەڕمان بە ئازادی هەیە، ئەگەر حزبێک بە ئازادی خۆی دەیەوێت بەشداری هەڵبژاردن نەکا ئەوە قسەیەکی ترە. لە لای ئێمە ئازادی شتێکی گرنگە. لای یەکێتی هەموو لایەنێک بیروڕای خۆی هەیە و مافی هەیە ئازادانە هەڵسوکەوت بکات، ئازادانە دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات یاخود نەکات."

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتیەوە، نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە. 18ی ئەم مانگە ئالینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن پارتیەوە دەربڕی. دوا بە دوای ئەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا کۆبۆوە و ڕایگەیاند،" پارتی ترسی لە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو تێبینی لەسەر شیوازی هەڵبژاردن و مەترسی تێکدانی بنەماکانی پێکەوە ژیان هەیە."

لە بارەی ئەگەری سوربوونی پارتی لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، ئاری هەرسین ڕایگەیاند، "ئەگەر بێت و ئەوانەی لە بەغداد بڕیاریان بە دەستە، واتە حکومەتی ژێر زەمینی نەک ئەوانەی لەسەر کورسین و لە تیڤی دەردەکەون، ئەگەر باشی نیەتییان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە عیراقدا، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن دەکرێت. بەڵام ئەگەر هەر بە عینادی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بجوڵێنەوە و خەڵکی تر سیاسەتیان پێبکات و ئەوان بەس جێبەجێی بکەن زۆر قورس دەبێت هەڵبژاردن."

XS
SM
MD
LG