Accessibility links

شیرین فوئاد مەعسوم: پارتی ئەمانەتی نیشتیمانی لەسەر شانە بۆیە هەڵبژاردن بەبێ ئەو هیچ شەرعییەتێکی نابێت


شیرین فوئاد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان
شیرین فوئاد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان

شیرین فوئاد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەڵوێستی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵژاردنەکان بۆ ڕێگریکرنە "لەو پلانانەی کە دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەن،" وە ڕەتی دەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەو حزبە بتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

شرین فوئاد مەعسوم، کچی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و کادری پێشکەوتووی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لەو پلانانە دەکات کە دژ بە قەوارەکەمانە، کە لەلایەن دەستێکی دەرەکییەوە پلانی بۆ دانرابوو."

ڕاشیگەیاند، "ئێمە جیا لە حزبەکانی تر ئەمانەتی خاک و نیشتیمانمان لەسەر شانە، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعییەتێکی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی 3ی مانگی ڕابردوو فەرمانێکی هەرێم واژۆ کرد کە تێیدا هاتووە 10ی مانگی شەش ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە هەرێمی کوردستان.

بەڵام 15 ڕۆژ دوای ئەم بڕیارە، مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیێندراوێکیدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و کورسییەکانی پەرلەمان. پارتی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا وتی نایەوێت بەشداربێت لە پرۆسەیەکدا کە "نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت."

دوێنێ یەکشەممە،1ی مانگی چواری 2024، دوا وادەی ماوەی درێژکراوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو بۆ وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکان. بەڵام پارتی لیستی خۆی پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە نەکرد، وە ئەمەش چارەنوسی هەڵبژاردنەکان و دۆخی سیاسی هەرێمی بردە قۆناغێکی ناڕوونەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لە دوایین هەڵوێستیدا ئەمڕۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند، "بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی رێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن گوزارشت لە دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات."

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی وتویەتی، "بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت."

مەسعود بارزانی بایکۆتی هەڵبژاردنی لەلایەن پارتی گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی "پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت."

بەرپرسانی پارتی دەڵێن دادگای فیدڕاڵی عێراق بە مەبەست چەند بڕیارێکی دەرکردووە بۆ نەهێشتن یا بچوککرنەوەی قەوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دادگای فێدراڵی عێراق
دادگای فێدراڵی عێراق

شرین فوئاد مەعسوم لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی وەک حزب و وەکو نوێنەری کورد هەڵوێستەکانی دەڕدەبڕێت و ئەو بیر لە گیرفان و مەرز و دروستکردنی میلیشیا و لەتکردنی نیشتمان ناکاتەوە. ئەو وەک خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێم و خاوەن دەوڵەت بە بەرپرسیارێیتییەوە بڕیار دەدات، بۆیە هیچ کەس و هێز و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکی توانای ئەوەیان نییە حکومەتی شەهیدان و حکومەتی گەل هەڵبوەشێننەوە."

لە کاتیکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارە لە دژی قەوارەی هەرێم دەبینێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان ڕۆژی 22ی مانگی سێ لە ڕاگەیاندێکدا پشتیوانی بۆ دادگای باڵا دەربڕی و گوتی "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان."

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان

بەشێک لە ڕەخنەگران لە پارتی دەڵێن بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەبنە هۆی گێڕانەوەی هاوسەنگی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان و ڕەخنە لە پارتی دەگرن بەوەی گوایە کورسی پێکهاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە و ئێستا ترسی لەوە هەیە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشدا دەنگی ئەوتۆ نەهێنێت.

شیرین فوئاد مەعسوم لە وەڵامی ئەم تۆمەتانە ڕاگەیاند، "پارتی حزبێک نییە کاتی ئەوەی هەبێت بیانوو بگێڕێت. پارتی داوای ڕەوا و فەرمی هەبووە، بە جێبەجێنەکردنی بەشداری ناکات لە هەڵبژاردن. بۆیە بڕوای تەواوم هەیە شکۆی ئەم پرۆسەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە گەر ئەنجامبدرێت."

وتیشی، " ئێمە هەموومان لە پارتی قوتابی ڕێبازێکین کە نە دەزانین خۆ چەماندن چییە، نە دەزانین ببین بە نۆکەری ئاغا و سیغەکانیش. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 76 ساڵ خەبات و شکۆین و قوربانیدانین، هەڵبژارنەکانی پێشووتر شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کێ دەترسێت و کێ پەنای بۆ وڵاتان بردووە تا ژمارەی کورسییەکانی بۆ زیادبکات."

خاتوون شیرین لەبارەی کورسی کۆتاکان و ڕۆلی پارتی ڕایگەیاند، "پارتی لەوەتەی هەیە نە ترسی لە دەستکەوتی حزبی هەیە نە بیریشی لێ دەکاتەوە، چونکە چەندان جار بەشداری هەڵبژاردنی کردووە. پارتیمان ئیمانی تەواوی بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی هەیە، لە هەڵبژاردن کورسی زۆر بهێنت یان کەم بهێنێت ئەوە کێشە نییە، کێشەکەی ئێمە ترسە لە سڕینەوەی یەکجاری پێکهاتەکان و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنی هەزاران دەنگدەر."

بەڵام سەرەڕای هەڵوێستەکەی پارتی، یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بە گوێرەی ئەو وادەیەی کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە و سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەرداوە.

ڕزگای حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و پێمانخۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن."

دادگای فیدڕاڵی عیراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە 11 کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

جگە لە پارتی، زۆربەی حزبە سیاسییەکانی پێکهاتەکانیش بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ناڕازین و هەڵوێستەکەی یەکێتی بە تێکدانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان لەقەڵەمدەدەن. بەڵام یەکێتی لە بەرامبەردا دەڵێت 10 کورسی کۆتاکان لە بەرژەوەندی پارتیدا لەپەرلەمان بەکارهاتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:39 0:00

XS
SM
MD
LG