Accessibility links

ئەشواق جاف: پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێکەوە یاساکەی هی پەرلەمانی کوردستان نەبێت و سەپێنراو بێت


ئەمڕۆ دووشەممە 18ی 3ی 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان دوایی کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری لە ڕاگەیەنراوێکی شەش خاڵیدا بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ڕایی گشتی ڕاگەیاند، کە بڕیارە لە 10ی مانگی 6ی 2024 بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەببات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە،" بڕوامان بە خۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێکی نا دەستوری و نا دیموکراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 3ی 3ی 2024، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واژۆ کرد و ڕۆژی 10ی مانگی 6ی 2024 دیاریکرد، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووهەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەند کرد، بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بڕیارە یەک لە دوا یەکەکانی دادگای فیدراڵی زیانە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی کوردستان، هەروەها لێدانە لە پێکەوەژیان لە کوردستان و لێدانە لە قەوارەی هەرێم، هەموو ئەمانەش مەبەست لێی بچووکردنەوەی کوردستانە، چونکە لە ساڵی 2010 ەوە دەستێک هەیە بۆ دژایەتی و نەهێشتنی قەوارەی هەرێم."

پارتی دیکمواتی کوردستان نیگەرانە لەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، پێشێلی ماددەی 117 ی دەستوری کردووە، ماددەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە و لە بڕگەی یەکەم دەڵێت،" ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی، لە بڕگەی دووەمدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێییاندا دەنێت کە بە گوێرەی بڕگەکانی دەستوور دا دەمەزرێنرێن."

ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" دادگای فیدراڵی پێشێلی ماددەی 117ی کردووە، چونکە یاسایەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریبکات و چەند خولێک کاری پێکردووە، ئێستا هاتووە دەڵێت یاسایەکی دەستووری نیە، بۆیە ڕوونیدەکەینەوە هەڵبژاردن ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە نەک دادگای فیدراڵی بێت بڕیاری لەسەر بدات، لەبەر ئەوەی یاساکە دژی هیچ بەندێکی دەستوری نیە، ئەمەیکراوە تەداخوولە لە دەسەڵاتەکان."

رۆژی21 ی مانگی 2ی 2024 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە نادەستوریبوونی کورسی کۆتاکان، بڕیاریدا کە کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان بە "تێکدانی پێکەوە ژیان" لە کوردستان لە قەڵەمدا و یەکێتیش لەبەرامبەردا دەڵێت،" کۆتاکان لە بەرژەوەندی حزبێکی دیاریکراودا لەپەرلەمان کاریان دەکرد."

ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پارتی هەمیشە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە لە کات و ساتی خۆیدا، بەڵام دادگا بێت و یاساکە بگۆڕێت کە دەزگایەکی هەرێم دایناوە، ئەمە چۆن کاری پێدەکرێت.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیەی پارتی، وتیشی،" بۆ هەموو لایەنەکان ڕوونبێت پارتی ناچێتە نێو هەڵبژاردنێکەوە کە یاساکەی هی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، ئێمە هەرێمین و بە پێی ماددەی 117 دروستکراوە، دەبێت هەرێم پابەندبێت بە یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ناکرێت دادگای فیدراڵی بێت و بڵێت نادەستوریە، پارتی لە هەڵبژاردن ناترسیت و نەترساوە، چونکە پارتی تەنها پارتی پارتیەکان نەبووە و نابێت بەڵکو پارتی هی هەموو خەڵکی کوردستانە و بە پرۆژەکانی خۆیی سەڵماندووە."

جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەنیش بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، گەرچی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەی نیشانداوە و دەڵێت،" هەڵبژاردن لە مانگی 6ی ئەمساڵ بەڕێوە دەبەین" بەڵام بە خوێندنەوەی چاودێران پارتی بەشداری پرۆسەکە نەکات بە دڵنیایەوە جارێکی تر و بۆ کاتێکی نادیار هەڵبژاردن دوا دەخرێتەوە.

رۆژی 15ی 3ی 2024، فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای رۆژی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" لە کۆی 39 حزبی سیاسی تەنها 9 لایەنی سیاسی بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەکە لەگەڵ تۆمارکردنی 2 هاوپەیمانێتی کە هەریەک لە هاوپەیمانێتیەکان بریتیە لە 3 لایەنی سیاسی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:09 0:00

XS
SM
MD
LG