Accessibility links

ڕابیحە حەمەد: شتێک نەماوە بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە


ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە نێو تیمە حکومییەکەیاندا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تەقییەوە، دوای ئەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم هێرشیکردە سەر یەکێتی و وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی دایەوە.

ڕۆژی هەینی، 22 ی مانگی 3 ی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربڕی، ئەمەش نیگەرانی پارتی و تیمەکەی لەنێو حکومەتی هەرێم لێکەوتەوە بەو پێیەی پارتی بڕیارەکانی دادگا بە دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێم دەبینێت.

دوای پاڵپشتییەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دادگای فیدراڵی، لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند،"پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستوری کوردستان بەدەستەوە دەدەن."

دواتر سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کەسێکمان نییەو نەبووە وەکو وتەبێژ. لە بری تۆمەت بەخشینەوە باشتربوو هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین."

لەبارەی گواستنەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ نێو حکومەتی هەرێم، رابیحە حەمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەت نەماوە، حکومەتێک نەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندەی گەلەکەی کاربکات و ئیدارەدانێکی تەندروستی هەموو ناوچەکانی پێ نەدرێت، کەواتە بوونی نەماوە."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2022، کێشەی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە نێو حکومەتی هەرێم تەقییەوە، دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بە کوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لە هەولێرو تاوانبارکردنی پارتی بەگەمارۆی ئابووری خستنە سەر سلێمانی.

یەکتری تۆمەتبارکردنی تیمی یەکێتی و پارتی لە نێو حکومەتی هەرێم بووە هۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی و تیمەکەیەوە، بەڵام لە مانگی 5 ی ساڵی 2023 نێوانیان تاڕادەیەک ئاسایی بوویەوە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە کۆبوونەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕەتیدەکاتەوە حکومەتی هەرێم بوونی نەبێت، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە حکومەتی هەرێم ئیش و کارەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.

شوان محەمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لەدەسەڵاتدایەو دەبێت بەرەنگاری فشارەکانی سەر هەرێم ببێتەوە، کەچی وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات. یەکێتی بەیاننامە بۆ پشتگیری دادگای فیدراڵی دەردەکات و خەریکە دەچێتە سەنگەری ئەوانەی دژی حکومەتی هەرێم کاردەکەن."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی، هێندەی تر ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر کردەوە بەو پێیەی بڕیارەکەی دادگا لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی بوو.

رابیحە حەمەد دەڵێت،"تیمی پارتی لە ناو حکومەتی هەرێم تاکڕەوانە کاردەکات و دەسەڵاتەکانی قۆرخکردووە، بۆیە پێشتریش وتوومانە ئەم حکومەتە سەرکەوتوو نابێت، ئەوەی ئێستا دەبینین دەرئەنجامی ئەو تاکڕەوانە کارکردنەیە."

بەڵام شوان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و حزبەکان کاریگەری خراپی هەبووەو وایکردووە نەتوانرێت بەیەکگرتوویی داکۆکی لە مافە دەستورییەکان بکرێت.

شوان محەمەد وتی،"بەغداو لایەنی هەرێمی بەجدی کارلەسەر قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێو هەرێم دەکەن. ئێستا قۆناغێکی ترسناکتر دەستیپێکردووە و بەغدا کار لەسەر دروستکردنی ناکۆکی لەنێو فەرمانبەران و حکومەتی هەرێم دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:24 0:00

XS
SM
MD
LG