Accessibility links

فەرەنساش هاوشێوەی ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکەی ڕووسیا کاری داعش بووە


فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە وەکو ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارە لە هێرشەکەی سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە دەرەوەی مۆسکۆ کە بووە هۆی کوژرانی 137 کەس، لە کاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئۆکرانیا بۆ هێرشەکە.

لەو هێرشەی شەوی هەینی کە کوشندەترین هێرشی ناوخۆی ڕووسیا بوو لە ماوەی دوو دەیەدا، چوار پیاو هێرشێکی کوشندەیان لە ناو هۆڵی کۆنسێرتی شارەوانی کرۆکوس ئەنجامدا لە کاتێکدا کۆنسێرتێکی گروپێکی ڕۆکی سەردەمی سۆڤیەت بە ناوی پیکنیک بەڕێوە دەچوو. بێجگە لە کوژراوەکان لەو هێرشەدا 182 کەسیش بریندار بوون.

چوار پیاوی کە لانیکەم یەکێکیان تاجیک بوو، بە تۆمەتی تیرۆر دەستبەسەر کران. ئەوان بە جیاجیا دەرکەوتن، لە دادگای ناوچەی باسمانی مۆسکۆ دەرکەوتن.

گروپی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە و ئەمەریکاش بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە باوەڕی بەوە هەیە داعش ئەو کارەی کردبێت لە کاتێکدا گرووپەکە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەووەتەوە کە دەڵێت گرتەی ئەو هێرشەیە. بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕووسیایان لە زانیاری هەواڵگری لە بارەی هێرشێکی نزیکەوە ئاگادارکردووەتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەو زانیاریانەی لەبەردەست ئێمە و هاوبەشە سەرەکییەکانماندایە، بەڕاستی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەو هێرشە کاری قەوارەی داعش بووە، کە بە داعش-خۆراسان یان داعش-ک ناسراوە."

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ گویانای فەرەنسا ماکرۆن گوتیشی "ئەم گرووپە هەوڵیداوە چەندین کردار لەسەر خاکی ئێمەش ئەنجام بدات." فەرەنسا ڕۆژی یەکشەممە دوای هێرشەکەی مۆسکۆ ئاستی هۆشداری هێرشی تیرۆریستی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە.

بەڵام ڤلادمێر پوتن، سەرۆک کۆماری ڕووسیا تا ئێستا بە ئاشکرا باسی لەوە نەکردووە چەکدارەکان پەیوەندییان بەو گرووپە چەکدارە ئیسلامییەوە هەبووبێت کە بە وتەی خۆی هەوڵی هەڵاتنیان بۆ ئۆکرانیا داوە.

پوتین ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک کەس لە "لایەنی ئۆکرانیا" ئامادەبوون بۆ پێشوازی ئەو چەکدارانە لەودیو سنوورەوە.

ئۆکرانیا ڕەتیکردەوە هیچ ڕۆڵێکی لەو هێرشەدا هەبێت و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت پوتن هەوڵ دەدات بە تۆمەتبارکردنی ئۆکرانیا هێرشبەرە ڕاستییەکە بشارێتەوە.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، پێشتر جەختکردنەوەکانی ئەمەریکای خستە ژێر پرسیارەوە کە دەڵێت دەوڵەتی ئیسلامی کە سەردەمانێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە عێراق و سوریای دەدا، لە پشت هێرشەکەوە بووە.

دوو بەرپرسی ئەمەریکایی ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە ئەمەریکا زانیاری هەواڵگری هەیە کە ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتی دەوڵەتی ئیسلامی لەو هێرشە پشتڕاست دەکاتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ڕووسیا ناتوانێت لێدوان لەسەر ڕاگەیاندنەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بدات لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە، هەروەها هیچ لێدوانێک لەسەر هەواڵگری ئەمەریکا نادات و دەڵێت زانیاری هەستیارە.

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، 11 کەس دەستگیرکراون، لەنێویاندا ئەو چوار کەسە چەکدارە گومانبارەکان، کە بە وتەی خۆی لە هۆڵی کۆنسێرتەکە هەڵاتوون و بەرەو ناوچەی برایانسک ڕۆشتوون، کە نزیکەی 340 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە دوورە، تا بچنە ئەودیوی سنوورەوە بەرەو ئۆکرانیا.

پوتین لە مانگی دووی 2022دا فەرمانی لەشکرکێشی تەواوەتی بۆ سەر ئۆکرانیا دەرکرد، ئەمەش دوای هەشت ساڵ لە ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا لە لایەک و ئۆکراینییەکانی لایەنگری ڕووسیا و بریکارەکانی ڕووسیا لە لایەکی دیکە، شەڕێکی گەورەی ئەوروپای لێکەوتەوە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن و بە بڕی ملیاران دۆلار هاوکاری ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ شکستپێبردنی هێرشەکانی ڕووسیا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG