Accessibility links

دوای هێرشە کوشندەکەی مۆسکۆ، پوتن ' ڕۆژی ماتەمینی ' ڕادەگەیەنێت


دوو ڕۆژ دوای هێرشە کوشندەکەی سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە نزیک مۆسکۆ کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 137 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 180 کەسی دیکە، ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژی ماتەمینی بوو لە ڕووسیادا.

تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا لە بیناکەدا، لە کاتێکدا کە هێشتا هەندێک لە خێزانەکان بەهۆی چارەنووسی خۆشەویستانییانەوە دەناڵێنن. وەزارەتی تەندروستی ڕووسیا وتی سەدان کەس لە مۆسکۆ لە ڕیزدا وەستابوون بۆ بەخشینی خوێن و پلازما.

هێرشەکەی ڕۆژی هەینی لە ساڵی 2004 ەوە کوشندەترین هێرش بوو لە ڕووسیادا. لە ساڵی 2004 دا چەکدارە ئیسلامییەکان دەستییان گرت بەسەر قوتابخانەی بێسلاندا و زیاتر لە 1000 کەس و سەدان منداڵییان بە بارمتە گرت.

هێرشەکەی ڕۆژی هەینی کە کرایە سەر هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکوس لە دەرەوەی مۆسکۆ لەلایەن چوار چەکدارەوە ئەنجام درا، چەکدارەکان چوونەتە ناو هۆڵەکەوە و تەقەیان بە ناو خەڵکەکەدا کردووە. ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

دەزگای هەواڵی ئەعماقی سەر بە داعش لە بەیاننامەیەکدا وتی داعش هێرشی کردووەتە سەر گردبوونەوەیەکی گەورە لە کراسنۆگۆرسکی دەرەوەی مۆسکۆ و سەدان کەسییان کوشتووە و بریندار کردووە. نەتوانراوە دەستبەجێ ڕاستیی ئەو بانگەشەیە پشتڕاست بکرێتەوە.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی شەممە لە وتارێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانەکانی قوربانییەکان کرد و ڕۆژی ماتەمینی نیشتیمانی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵێنیدا سەرجەم ئەو کەسانە سزا بدات کە لە پشت هێرشەکەوە بوون و وتی هێرشەکە " کردەوەیەکی خوێناویی و دڕندەیی تیرۆریستی " بووە. وتی 11 کەس دەستگیرکراون، بە چوار چەکدارەکەشەوە. چەکدارەکان هۆڵەکەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون بۆ هەرێمی بریانسک، کە دەکەوێتە نزیکەی 340 کم باشووری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە.

پوتن وتی " هەوڵیاندا خۆیان بشارنەوە و بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆیشتن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەوێ لە دیوی ئۆکرانیا ئامادەکارییان بۆ کرابوو تاوەکو لە سنووری وڵاتەکە بپەڕنەوە."

دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدارەکان ناسییاوییان هەبووە لە ئۆکرانیادا و لە نزیک سنوورەکە دەستگیرکراون.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕەتی کردەوە ئۆکرانیا دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.

زێلێنسکی وتی " پوتن و تاوانبارەکانی دیکە تەنها هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی هێرشەکە بخەنە ئەستۆی یەکێکی دیکە."

دوای ئەوەی پوتن ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە کیێڤ پەیوەندی بەو هێرشەوە هەبووبێت، کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە وتی " ئۆکرانیا بە هیچ شێوەیەک دەستی نەبووە " لە کۆمەڵکوژییەکەی ناو هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆدا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 137 کەس.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئادریان واتسن وتی " داعش بە تەنها بەرپرسە لەم هێرشە. ئۆکرانیا بە هیچ شێوەیەک دەستی تێیدا نەبووە." بەرپرسانی ئەمەریکا وتوویانە کە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان لە ئەفغانستان هێرشەکەیان ئەنجام داوە.

کۆشکی سپی وتی لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا حکومەتی ئەمەریکا زانیاری داوە بە ڕووسیا سەبارەت بە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو لە مۆسکۆ و لە 7 ی مانگی سێدا ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکایی لە ڕووسیا بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێکردن خۆیان لە قەرەباڵغییەکان بە دووربگرن. پێشتریش لەم هەفتەیەدا پوتن هۆشدارییەکەی ئەمەریکای ڕەت کردەوە و وتی تەنها مەبەست لێی ترساندنی ڕووسیاییەکانە.

XS
SM
MD
LG