Accessibility links

ترەمپ داوای دواخستنی دادگاییکردنی یەکێک لە دۆسیەکان دەکات هەتا دادگای باڵای ئەمەریکا تاوتوێی داواکاری پارێزبەندی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترەمپ داوای لە دادوەری شاری نیویۆرک کرد کە سەرپەرشتی دۆسێی تاوانکارییەکەی دەکات، ئەو دادگاییکردنە دوا بخات کە لەسەر ئەو تۆمەتانەی گوایە پارەی بە ئەستێرەیەکی پۆرن داوە دادگایی دەکرێت، تاوەکو دادگای باڵای ئەمەریکا پێداچوونەوە بە داواکارییەکەی بۆ پارێزبەندی سەرۆکایەتی لە دۆسیەیەکی جیادا تەواو دەکات.

یەکەم دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە 25 ی مانگی سێدا لە دادگایەکی ویلایەتی نیویۆرک لە مانهاتن دەستپێدەکات.

ترەمپ بێ تاوانی خۆی لە 34 تۆمەتی ساختەکردنی تۆماری بازرگانی ڕاگەیاندووە.

داواکارانی گشتی دەڵێن ترەمپ فەرمانی بە پارێزەرەکەی پێشووی مایکڵ کۆهین کردووە کە 130 هەزار دۆلار بدات بە ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێلس بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 سەبارەت بە پەیوەندییەکی سێکسی کە دەڵێت دە ساڵ پێشتر هەبووە و دواتر بە هەڵە قەرەبووکردنەوەکەی بۆ کۆهین وەک خەرجی یاسایی تۆمارکردووە.

ترەمپ نکۆڵی لەوە دەکات کە لەگەڵ ستۆرمی دانیێلس کۆبووبێتەوە، کە ناوی ڕاستەقینەی ستێفانی کلیفۆردە.

ئەم هەنگاوە نوێترین پێشهاتەیە لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە کە هەوڵدەدات ئەو چوار دادگاییە تاوانکارییە دوابخات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە هەتا لە هەڵبژاردنەکانی 5 ی مانگی 11 لەگەڵ سەرۆکی دیموکراتەکان جۆو بایدن نزیک دەبێتەوە.

بڕیارە دادگای باڵا لە 25 ی مانگی چواردا گوێ لە مشتومڕەکان بگرێت، مانگێک دوای دەستپێکردنی هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخۆران لە دۆسیەی (پارەی بێدەنگکردنی ترەمپ). ئەمە یەکەمین دۆسێیە لەو چوار تاوانەی کە لەسەری دادگایی دەکرێن.

ترەمپ لە هەموو دۆسێی تاوانکارییەکاندا دەڵێت کە تاوانبار نییە، و بە "دەستێوەردانی هەڵبژاردن" ناوی بردووە.

پارێزەرانی سەرۆک ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە دادگا ڕایانگەیاند ئەنجامی پێداچوونەوەکەی دادگای باڵا پەیوەندی بە دۆسێیەکەوە هەیە چونکە داواکارانی گشتی هەوڵیان داوە بەڵگەی ئەو لێدوانانە پێشکەش بکەن کە تراەپ لە کاتی سەرۆکایەتیدا دابووی.

مانگی ڕابردوو داواکارانی گشتی ڕایانگەیاند پلانیان داناوە بەڵگە پێشکەش بکەن سەبارەت بە "کەمپینی فشار" لەلایەن ترەمپەوە لە ساڵی 2018 دا بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆهین هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی ناکات سەبارەت بەو پارەدانە بە دانیالس. کۆهین لەو ساڵەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە یاسای دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێشێل کردووە.

پارێزەرانی ترەمپ لە تۆماری دادگاکەیاندا ڕۆژی دووشەممە، داواکارییەکەی داواکارانی گشتییان لەبارەی هەڵمەتی فشارەوە بە "خەیاڵی" ناوبرد. ئەوان دەڵێن پۆستەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی کۆهین "پەیوەندی فەرمی" بوون دەربارەی "بابەتەکانی نیگەرانی گشتی" و بەم شێوەیە پارێزراون لە دادگاییکردنی ولایەت.

پارێزەرانی ترەمپ نووسیویانە "بەبێ پارێزبەندی لە لێپێچینەوەی تاوانکاری لەسەر بنەمای کردەوەی فەرمی، نەیارانی سیاسی سەرۆک هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دابنێن و کۆنتڕۆڵی بکەن".

وتەبێژی نوسینگەی پارێزەرانی هەرێمی مانهاتن، کە تۆمەتەکانی پێشکەش کرد، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدات.

ساڵی ڕابردوو ترەمپ قسەیەکی هاوشێوەی کرد وەک بەشێک لە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ گواستنەوەی دۆسێی پارەی بێدەنگکردن لە دادگای ویلایەتەکەوە بۆ دادگای فیدراڵی. لە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ترەمپ لە مانگی حەوتی 2023 دا، دادوەری ناوچەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەلڤین هێلەرستاین نوسیویەتی ئەو پارەدانەی بە دانیێلس " تەنها بابەتێکی تایبەتی بوو."

هێلەرستین نووسیویەتی "ئەو پارەیەی دەدرێت بە ئەستێرەیەکی فلیمی پۆرن پەیوەندی بە کردەوە فەرمییەکانی سەرۆکەوە نییە".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG