Accessibility links

وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا شەوی پێنجشەممە وتاری ساڵانەی لەسەر دۆخی وڵات پێشکەش دەکات، لەکاتێکدا هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بخاتە ڕوو، فشار بۆ یاسادانەران ببات تا کارلەسەر هاوکارییە ئاسایشییەکان بکەن و بڕوا بە دەنگدەران بهێنێت بۆ ئەوەی لە مانگی 11 دەنگی پێبدەنەوە.

سەرۆک باین لە سەرتای وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا و گوتی پوتن ناتوانێت لە ئۆکراین سەرکەوتن بەدەست بێنێت، لەسەر کۆماریی و دیموکراتەکانە بەرەنگاری پوتن ببنەوە و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.

ئەمەریکا کار بۆ هێنانە ئارای ئاشتی دەکات و پشتیوانکاری سەرەکی ناتۆ دەبێت، داواش لە کۆنگرێس دەکەین کۆمەک و یارمەتییەکان بۆ ئۆکراین پەسەند بکات .
پوتن لە سنورەکانی ئۆکرانیا ناوەستێت و تەنها ڕێگەیەکیش بۆ ڕاگرتنی پوتن بریتییە لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراین.

جۆو بایدن بەر لە دەستپێکردنی وتاری ساڵانەی لەسەر ڕەوشی وڵات
جۆو بایدن بەر لە دەستپێکردنی وتاری ساڵانەی لەسەر ڕەوشی وڵات

لە وتارەکەیدا سەرۆک بایدن، دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای گوناهبارکرد بەوەی ملی داوە بۆ پوتن و گوتی "ئێستا سەرۆکی پێشووم، سەرۆکی پێشووی کۆمارییەکان، بە پوتین دەڵێت: 'هەرچی دەتەوێت بیکەی بیکە'.

بایدن ڕایگەیاند " ئەمە شتیکی بێزارکەرە، مەترسیدارە و قبوڵ ناکرێت."

گوتیشی "ئازادی و دیموکراتی کەوتوونەتە بەر هێرش و ئەمەریکا توانیویەتی بە شکۆی خۆیەوە بمێنێتەوە."

بایدن گوتیشی "ئەمەریکا یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆی وڵاتانی دیموکراتی لە پاش دووهەم شەڕی جیهانییەوە بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە شەڕ و پاراستنی ئاشتی. ئێستاش هاوپەیمانێتی ناتۆمان بەهێزتر کردووە.

ساڵی پار پێشوازیمان کردن لە ئەندامێتی ناتۆ و ئەمڕۆش وڵاتی سوید بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ."
سەرەک وەزیری وڵاتی سوید هاوکاتی وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا، وەک میوان لە هۆڵی کۆنگرێس بوو.

سەرۆک وەزیری سوید ئولف کرسترسن لە نێوان خانمی یەکەم جیل بایدن و هاوسەری جێگری سەرۆک داگ ئیمۆف
سەرۆک وەزیری سوید ئولف کرسترسن لە نێوان خانمی یەکەم جیل بایدن و هاوسەری جێگری سەرۆک داگ ئیمۆف

بایدن گوتی "مێژوو لێمان دەڕوانێت وەک چۆن بەر لە سێ ساڵ و ڕۆژی 6ی مانگی یەک سەیری دەکردین، یاخیبووەکان هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و چەقۆیان خستە سەر ملی دیموکراتی لە ئەمەریکا، زۆربەتان لەو ڕۆژە هەرە تاریکانەدا لێرەبوون؛ هەموومان بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو یاخیبووانە، نیشتمان پەروەر نەبوون، بەڵکو هاتبوون دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ڕابگرن و خواستی خەڵک هەڵاوگێڕ بکەن.

ڕۆژی 6ی مانگی 1 و درۆکانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی 2020 دەکران و هەروەها پیلانگێڕییەکان بۆ دزینی هەڵبژاردن، بوونە مایەی گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بواری دیموکراتیمان، گەورەترین بوو لەوەتای شەڕی ناوخۆوە، بەڵام شکستیان هێنا و ئەمەریکا بە هێزەوە بەپێوە وەستا و دیموکراتی سەرکەوت."

بەڵام بایدن گوتیشی "دەبێت ڕاستگۆ بین، هەڕەشە و مەترسی هەر ماون و دەبێت دیموکراتی بپارێزین."

ڕەخنەشی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس گرت و بەوە تۆمەتماری کردن کە دەخوازن ڕاستییەکانی 6ی یەک بشارنەوە "سەرۆکی پێشوو و هەندێکیش لە ئێوە دەتانەوێت ڕاستییەکانی ڕۆژی 6ی مانگی 1 لە گۆڕ بنێن، من ناهێڵم ئەوە بکرێت و ئێستا کاتی ئەوەیە ڕاستی بگوترێت و درۆکان لە گۆڕ بنرێن. سادەترین ڕاستی ئەوەیە کە ناکرێت تەنها ئەوکاتە وڵاتەکەتت خۆشبوێت کە سەرکەوتووبیت لە هەڵبژاردندا."

هەروەک چۆن لەوەتای پۆستی سەرۆکایەتیم وەرگرتووە، بەبێ گوێدانە لایەن و لایەنکاریی داوام لە هەمووتان کردووە و دەیکەم، پێکەوە بەرگری لە دیموکراتیمان بکەن و ئەو سوێندەتان لە یاد بێت کە خواردووتانە کە بەرەنگاری هەموو هەڕەشە و مەترسییەکی ناوخۆیی و دەرەکی ببنەوە ڕیز لە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا بگرن و بە ئاشکرایی ڕایبگەیەنن کە توندووتیژی سیاسی بە هیچ شێوەیەک لە ئەمەریکادا جێی نابێتەوە. "

بایدن گوتی مێژوو لە دەڕوانێتە ‌هێرشێکی تر بۆ سەر ئازادیی و باسی لە بابەتی زاوزێ و مافی مناڵ لەباربردن کرد لە کاتێکدا لاتۆریا بێزلی، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی خەڵکی بیرمینگهام ئەڵەباما وەکو یەكێک لە میوانەکانی وتاری ساڵانە لەوێ ئامادە بوو.

سەرۆک بایدن گوتی لاتۆریا " 14 مانگ بەر لە ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێشوازییان لە منداڵێکی کچیان کرد بەهۆی پەرجوی پرۆسەی منداڵی بلوری (IVF).

ئەو کاتی چارەسەرەکانی بۆ ئەوەی منداڵی دووهەمی ببێت دیاری کردبوو، بەڵام دادگای باڵای ویلایەتی ئەلاباما چارەسەرەکانی IVFی لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا داخست، ئەمەش بەهۆی بڕیارەکەی دادگای باڵا کە یاسای ڕۆ دژی وەیدی هەڵوەشاندەوە."

سەرۆک بایدن گوتی ئەوەی خێزانەکەی لاتۆریا پێیدا تێپەڕبووە نەدەبوو ڕووبدات، بەڵام ئەگەر کۆنگرێس بڕیارێک نەدات ئەوا بەردەوام دەبێت. سەرۆک داوای پشتیوانی کردنی کرد لە خێزانەکانی هاوشێوەی خێزانی لاتۆریا و داوای لە ئەندامانی کۆنگریس کرد کارێک نەکەن خێزانەکان زیاتر لە چاوەڕوانیدا بن " مافی دەستڕاگەیشتن بە منداڵی بلوری لە سەرانسەری وڵات مسۆگەر بکەن."

خانمی یەکەمی ئەمەریکا چەپڵە لێدەدات لە کاتێکدا لاتۆریا بێزلی خەڵکی بێرمینگهامی ئەلاباما سوپاسی چەپڵەکانی ئامادەبوان دەکات
خانمی یەکەمی ئەمەریکا چەپڵە لێدەدات لە کاتێکدا لاتۆریا بێزلی خەڵکی بێرمینگهامی ئەلاباما سوپاسی چەپڵەکانی ئامادەبوان دەکات

بایدن سوپاسی جێگری سەرۆک کامڵا هێرسی کرد بۆ بەرگریکردن لە ئازادی زاوزێ .

ئەو ڕەخنەشی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆ دژی وەید گرت کە لە ساڵی 2022 لەلایەن دادگای باڵای ئەمەریکاوە هەڵوەشێندرایەوە. ئەو بڕیارە زیاتر لە نیو سەدەبوو مافی لەباربردنی پاراستبوو.

سەرۆک بایدن گوتی " ئەگەر ئەمەریکاییەکان کۆنگرێسێکم بۆ بنێرن کە پشتگیری لە مافی هەڵبژاردن بکات، بەڵێنتان پێدەدەم، جارێکی دیکە دۆسیەی ڕۆی دژی وەید وەک یاسای وڵاتەکە دەگەڕێنمەوە! ئەمەریکا ناتوانێت بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. من ئەمشەو لێرەم تا ڕێگەی بەرەوپێشچوون نیشان بدەم. چونکە دەزانم چەنێک پێشکەوتوین."

ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی دیموکرات، لە دەمی وتارەکەی سەرۆک بایدندا بەرگی سپییان پۆشی بوو وەک هێمایەک بۆ پیشتیوانی کردن لە ژنان و مافی زاوزێ
ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی دیموکرات، لە دەمی وتارەکەی سەرۆک بایدندا بەرگی سپییان پۆشی بوو وەک هێمایەک بۆ پیشتیوانی کردن لە ژنان و مافی زاوزێ

بایدن باسی لەوە کرد کە چۆچ چوار ساڵ لەمەوبەر بەر لە دەستبەکاربوونی پەتای کۆڤید بڵاو بووەوە و و بە خراپترین شێوە زیانی بە ئابوری وڵاتەکە گەیاند و زیاتر لە یەک ملیۆن ئەمەریکایی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستدا.

جارێکی تر ڕەخنەی لە ترامپ گرتەوە کە ئەو کات سەرۆک بوو بۆ ئەوەی " سەرکەوتوو نەبوو لە ئەنجامدانی سەرەتاییترین ئەرکیدا." گوتی ئەمە شتێکە هەرگیز بیرناچێتەوە.

بەڵام بایدن تیشکی خستە سەر کارەکانی خۆی بۆ هاتنەوە سەر خۆ لە پاش ئەو پەتایە و گوتی "ئابورییەکم بۆ مایەوە لە لێوارەکەیدا بوو، ئێستا لە جیهاندا ئیرەیی دەبەن بە ڕەوشی ئابوریمان، 15 ملیۆن کاری نوێ لە 3 ساڵەدا دروستکراون و ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، ڕێژەی بێکاریی کەمترینە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا.

16 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکایی دەستیانکردووە بە کاردارییە بچوکەکانی خۆیان و هەر یەکێکیش لەوانە جێی هیوایە."
بایدن ڕایشیگەیاند "ڕێژەی داهات لە بەرزبوونەوەدایە و هەڵایسانی دارایی ڕوو لە نشێوە و لە سەدا نۆوە هاتۆتە سەر لە سەدا سێ و ئەمەش نزمترین ڕێژەیە لە هەموو جیهاندا.

ئێستا، لە بری هاوردەکردنی بەرهەم و کاڵای بیانی و هەناردەکردنی کاری ئەمەریکاییەکان، بەرهەم و کاڵای ئەمەریکایی هەناردە دەکەین و کاری نوێش لەناو ئەمەریکادا دروست دەبێت.

سیاسەتە ئابورییەکانم بوونە مایەی وەبەرهێنان بە بەهای 650 ملیار دۆلاری کەرتی تایبەت لە بوارەکانی وزەی خاوێن و بەرەوپێشبردنی پێشەسازی و دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار لەناو ئەمەریکادا. "

سەبارەت بە ژنان سەرۆک بایدن گوتی "ژنان زیاترن لە نیوەی دانیشتوانی ئەمەریکا، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی لەسەر تەندروستی ژنان دەکرێن هەمیشە ڕووبەڕووی کەمیی دابینکردنی دارایی دەبنەوە، هەر بۆیەشە بۆ یەکەمین جارە پڕۆژەی کۆشکی سپی ڕادەگەیەنم سەبارەت بە توێژینەوەکردنی تەندروستی ژنان بە ڕێبەرایەتی جێڵ، کە وەک خانمی یەکەمی ئەمەریکا کارێکی ناوازە دەکات."

سەرۆک بایدن لە وتاری ساڵانەیدا ئاماژەیشی کرد بە بەرزیی نرخی خانوبەرەو دەڵێت "دەزانم زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکاییەکان، لەگەڵ بەردەوامیی دابەزینی هەڵایسانی دارایی، ئەوا نرخی سوودیش لەسەر پارەی کڕینی خانوبەرەش دادەبەزێت."

هەر لەسەر دۆسێی ناوخۆییەکانی ئەمەریکا سەرۆک بایدن باسی لە بابەتی کۆنترۆڵکردنی چەکیش کرد کە یەکێکە لە دۆسێ ناوخۆییەکانی جێگای مشتومڕ و گوتی "شانازی بەوە دەکەم توانیمان NRA (ڕێکراوی چەکی نیشتمانی) شکستپێبهێنین کاتێک گرنگترین یاسای پارێزراوی چەکم لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا مۆرکرد. ئێستا دەبێت جارێکی تر شکست بە NRA بهێنینەوە! داوا دەکەم چەکی هێرشبەر و مەخزەنەکانی کە فیشەکی زۆر دەگرن قەدەغە بکرێن."

ئەندامانی کۆنگرێس ڕاشیدا تلەیب و کۆری بوش و سەمەر لی دیموکرات، جامانەی فەلەستینییەکانیان داوە بەسەر شانیاندا لە دەمی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات
ئەندامانی کۆنگرێس ڕاشیدا تلەیب و کۆری بوش و سەمەر لی دیموکرات، جامانەی فەلەستینییەکانیان داوە بەسەر شانیاندا لە دەمی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات

سەرۆک بایدن سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس گوتی " هاوکاتی سەروسەودا کردنمان لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ناوخۆی ئەمەریکادا، سەروسەودا لەگەڵ قەیرانە دەرەوەییەکانیشدا دەکەین لەوانە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەزانم ئەم پێنج مانگەی ڕابردوو پڕ ژان بوون بۆ زۆر کەس، بۆ گەلی ئیسرائیل و گەلی فەلەستین و بۆ زۆر کەسیش لێرە لە ئەمەریکا. ڕۆژی 7 مانگی 10، کە ڕێکخراوی تێرۆریستی حەماس هێرشی کرد، خوێناوی ترین ڕۆژ بووە بۆ گەلی جوو لەوەتای هۆلۆکۆستەوە. ئیسرائیل مافی خۆی هەیە لە حەماس بدات."

ڕایشیگەیاند "حەماس دەتوانێت هەر ئەمڕۆ ئەم قەیرانە بوەستێنێت؛ بە ئازادکردنی بارمتەکان و دانانی چەک و بەدەستەوەدانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکەی 7ی مانگی 10. بارێکی گران لەسەر شانی ئیسرائیلە چونکە حەماس لەناو دانیشتوانی سیڤیلدا خۆی شاردۆتەوە و هەر لەناو ئەوانیشەوە کارە چەکدارییەکانی دەکات، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی بنچینەییشی لە ئەستۆیە بۆ پاراستنی خەڵکی بێتاوانی سیڤیل لە غەززە.

بەبێ وچان کارمان کردووە بۆ هێنانە ئارای دەستبەجێی ئاگربەستێک کە شەش هەفتە بخایەنێت؛ ئەمەریکا پێشەنگە لە هەوڵە نێونەتەوەییەکاندا بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ ناو غەززە."

سەرۆک بایدن گوتی "ئەمشەو ڕێنومایی دەدەم بە لەشکری ئەمەریکا بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەرکێکی نا ئاسایی بە پەلە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەکی کاتیی دەریایی لە کەناری دەریای ناوەڕاستدا تا کەشتییە گەورەکانی یارمەتی و کۆمەکیان بارکردووە، وەک خۆراک و دەرمان و ئاوی خواردنەوە و شوێنی تایبەت بۆ مانەوە تیایاندا، بگەیەنینە غەززە. سەربازی ئەمەریکایی لە غەززە نابن، دەبێت ئیسرائیلیش بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و ڕێگەبدات یارمەتیی زیاتر بگاتە غەززە و دڵنیاییش بدات لەوەی کارمەندانی بواری مرۆییەوە نەکەونە ناو شەڕە تەقەوە و گیر بخۆن."

سەرۆک بایدن جارێکی تر جەختی کردەوە لە چارەسەری دوو دوڵەتیی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان "چارەسەری دوو دەوڵەتیی، تەنها چارەسەرییەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەم قەیرانە و هیچ ڕێگەیەکی تریش نییە بۆ پاراستنی ئاسایش و دیموکراتی ئیسرائیل، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە ببێتە متمانە بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییە دراوسێکانی بە شانشینی عەرەبستانی سعودیەشەوە."

گوتیشی "هێنانە ئارای سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یانی ڕاگرتنی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران، هەربۆیەشە هاوپەیمانێتییەکم دروستکرد لە زیاتر لە 12 وڵات، بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی و ئازادی هاتوچۆ لە دەریای سووردا و فرمانی هێرشکردنیشم داوە تا توانایی حوثییەکان کەمبکرێتەوە و هەروەهاش بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

چەندان ساڵە لە هاوڕێ کۆمارییەکان و لە زۆر کەسی تریش دەبیستم کە وڵاتی چین لە بەرەوپێشچوندایە و ئەمەریکاش لە دواوەیە، ئەوانە بە پێچەوانەوە لێی تێگەیشتوون و ئەمەریکا لە بەرەوپێشچووندایە ، باشترین ئابوریمان هەیە لە جیهاندا، بەرەنگاری هەنگاوە ناڕەوا ئابورییەکانی چین وەستاوینەتەوە و داکۆکی لە ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان دەکەین"

XS
SM
MD
LG