Accessibility links

کوێستان محەمەد: ژنانی هەڕەشەلێکراو ناتوانن لە شەڵتەرەکان بڕۆنە دەرەوە، وەک ئەوەی لەزیندان بن


کوێستان محەمەد
کوێستان محەمەد

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو ژنانەی بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لەسەرە و لە ناو شەڵتەرەکاندا دەمێننەوە لە دۆخێکی قورسدان و "وەکو ئەوە وایە لە زینداندا بن."

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ژنانەی لەناو شەڵتەرەکاندان ناچنە دەرەوە و هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە. گەر بچنە دەرەوە ڕەنگە بکوژرێن یاخود بڕفێنرێن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر لایەنی دەروونییان، چونکە ئەوان لەناو چوار دیواردا ژیان بەسەر دەبەن بێ ئەوەی تاوانیان ئەنجامدابێت."

ئەو وتیشی، "مانەوە لەناو شەڵتەرەکان کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی ژنە هەڕەشە لێکراوەکان جێدەهێڵێت، چونکە لەناو چوار دیواردا ژیان دەگوزەرێنن. ئەوانەی لەناو گرتووخانەکانی چاکسازیدان هەڵەیان کردووە، بەڵام ژنانی هەڕەشەلێکراو بێتاوان کەوتوونەتە ئەو دۆخەوە."

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو 2519 حاڵەتی لێدان و توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

کوێستان محەمەد وتی، "بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە هەر 6 مانگ جارێک بڵاویدەکەنەوە، ڕێژەی توندوتیژی زیادیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی خەڵک دەگەڕێتەوە. ژنانیش هۆشیاربوونەتەوە و توندوتیژیان لەدژ ئەنجامبدرێت بێدەنگ نابن و سکاڵا تۆماردەکەن."

بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی دووچاری کێشە دەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیان دروست دەبێت، سێ شەڵتەری هەمیشەیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک کراونەتەوە، دوو شەڵتەری 72 کاتژمێریش لە ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کراونەتەوە کە تێیاندا ئەو کچ و ژنانە بە شێوەی کاتی دەهێڵرێنەوە کە توشی گرفت دەبن.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونیکردەوە، شەڵتەری سلێمانی زۆرجار 25 ئافرەت، شەڵتەری هەولێر 55 بۆ 60 ئافرەت و شەڵتەری دهۆکیش 20 ئافرەتیان تێدایە.

کوێستان محەمەد دەڵێت، "لەناو شەڵتەرەکاندا هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ژنان و کچانی هەڕەشەلێکراو دەکرێن، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابینکراوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەروونی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان. پارێزەریشیان بۆ دەگرین."

دەشڵێت، "خزمەتگوزاری جلوبەرگ و پێداویستی و وەرزش و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکەین، بەڵام سیستەمی شەڵتەر وایە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە و وەکو ئەوە وایە لە زینداندا بن."

دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردنیان دابینکردووە، تا کچان و ژنانی هەڕەشەلێکراو بتوانن لە کاتی دروستبوونی کێشەو مەترسی لەسەر ژیانیان پەیوەندییان پێوە بکەن.

گەرمەهێڵی 119 لە كۆتایی ساڵی 2018 لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە دامەزراوە و 24 كاتژمێر و بێبەرامبەر بەردەستە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:53 0:00
XS
SM
MD
LG