Accessibility links

تاڵیبان داوا دەکات ژنانی میدیاکار لە کاتی دەرکەوتنیاندا تەنها چاوییان دیار بێت


بەرپرسانی تاڵیبان لە ئەفغانستان چەندین جار هۆشدارییان داوە لەسەر قەدەغەکردنی دەرکەوتنی ڕۆژنامەنووسانی ژن و ژنان بە گشتی ئەگەر پابەندی یاساکانی پۆشاک نەبن کە تێیدا تەنها ڕێگە بە دەرکەوتنی چاو دەدات.

ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان، کە ڕێکخراوێکی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، وتی هۆشدارییەکە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن سەرۆکی وەزارەتی هاندان بۆ چاکەکاری و نەهیکردن لە خراپەکاری محەمەد خالید حەنەفییەوە دەرکراوە، ئەوەش لە ماوەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کابوڵ.

ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە لە زاری وتەبێژی وەزارەتەکە عەبدولغەفار فاروقەوە بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیار کراوە بۆ ڕۆژنامەنووسان " پابەندی یاساکانی پۆشاک بن، ژنەکان بە شێوەیەک دەرکەون کە پۆشاک و سەرپۆشی ڕەشییان لەبەردابێت و زۆربەی ڕووخسارییان داپۆشرابێت، تەنها چاوەکانییان دیار بێت."

ڕێکخراوەکە وتی فاروق پێشنیاری ئەوەشی کردووە کەناڵە تەلەفیزیۆنییە هەواڵییەکان خۆیان بە دووربگرن لە ئەنجامدانی چاوپێککەوتن لەگەڵ ئەو ژنانەدا " کە پابەند نین بە باڵاپۆشییەوە یاخود بە تەواوەتی ڕووخسارییان دانەپۆشیوە."

وتیشی " حەنەفی هۆشداریداوە دژی شکستهێنان لە پابەندبوون بەم ڕێنماییانەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە مییدیاکاندا " لەلایەن ڕابەری تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادەوە.

بەرپرسانی وەزارەتەکە تاوەکو ئێستا لێدوانییان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە یاخود وردەکارییەکانی نەداوە.

ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان وتی " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە دۆخی میدیا لە ئەفغانستاندا و " ئەگەری ڕێکاری قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە میدیاکاندا، ژنان پێشتریش ڕووبەڕووی کۆتوبەندێکی زۆر بوونەتەوە لە کارەکانییاندا."

وتی هۆشدارییەکەی حەنەفی دواجار ڕەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی ژنان لە میدیادا، تاڵیبان کۆتوبەندێکی ئێجگار زۆری بەسەر دەستڕاگەیشتنی ژنان و کچان بە خوێندن و کار و ژیانی کۆمەڵایەتییاندا سەپاندووە.

ناوەندەکە وتی کارمەندانی میدیا ناوخۆییەکان لە وڵاتەکەدا لە دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دا دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە ناچار بوون لە ژینگەیەکی زۆر خراپی کاردا ئیش بکەن و ناچار بوون پابەندی ڕێنماییە توندەکانی تاڵیبان بن لەسەر چۆنێتی کارکردنییان.

ناوەندەکە وتی هەندێک لەو ڕێکارانەی کە بەسەر ژناندا سەپێندراون بریتین لە قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە کەناڵە نیشتیمانییە تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆکاندا، هەروەها جێبەجێکردنی " جیاکاری ڕەگەزیی " لە شوێنی کارەکاندا، هەروەها ڕێگریکردن لە پەخشکردنی دەنگی ژنان و پەیوەندیی تەلەفونی ژنان لە هەندێک هەرێمدا.

دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە، ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ئۆفیسەکەی لە ئەفغانستان گواستەوە، بەڵام دەڵێت کارمەندی لە وڵاتەکەدا هەیە و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکاندا.

تاڵیبان ئەو دراما تەلەفیزیۆنییانەشی قەدەغەکردووە کە ئەکتەری ژنییان تێدایە، پێشکەشکارە ژنەکانی هەواڵیش دەبێت بە فەڕمی لە کاتی پەخشدا پابەندی " باڵاپۆشی ئیسلامی " بن.

شارەزایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا و وتی دۆخی ژنان و کچان لە ئەفغانستان " زۆر خراپ بووە و بووەتە هۆی ئازار و ناڵاندنێک کە قبووڵ ناکرێت."

ڕاپۆرتی ئەیاز گول- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG