Accessibility links

لە تورکیا حەوت ژن لە یەک ڕۆژدا لەلایەن هاوسەری ئێستا یان پێشوویانەوە دەکوژرێن


لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا لە یەک ڕۆژدا حەوت ژن لە لایەن هاوسەری ئێستا یان پێشوویانەوە دەکوژرێن. کەناڵی تەلەفزیۆنی "خەبەر تورک" ڕۆژی سێ شەممە، 27ی مانگی دوو بڵاویکردەوە لەو ڕۆژەدا بە گشتی حەوت ژن لە شارەکانی ئیزمیر، بورسا، سەقاریە، ئەرزروم، دەنیزلی و ئەستەنبوڵ بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هاوسەری ئێستا یان پێشوویان کوژراون.

ئەو میدیایە ناوی قوربانیانی هاوکات لەگەڵ وێنەکانیان لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاوکردۆتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ژنانەکان کە تەمەنیان لە نێوان 32 بۆ 49 ساڵدا بووە، بە تەقە یان بە چەقۆ کوژراون. لانیکەم سێ کەس لە بکوژەکان خۆیان کوشتووە و دوو کەسیش دەستگیرکراون و کەسێکیش کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بریندار بووە گیانی لەدەستداوە و حەوتەمین کەسیش لە زیندان هەڵاتووە و چارەنووسی نادیارە.

لە ساڵی 2023 ڕێکخراوێکی ناحکومی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە ژێر ناوی 'ئێمە ژنکوژی ڕادەگرین' لەو ساڵەدا 315 کوشتنی ژنانی لە تورکیا تۆمارکردووە کە 65%ی کوژراوەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون.

لەو ساڵەدا هەروەها 248 "مردنی گوماناوی"ی دیکەی ژنان لەو وڵاتە تۆمارکراون کە دەسەڵاتداران بە "خۆکوشتن" وەسفیان کردووە، بەڵام گروپە فێمینیستەکان ژمارەی "مردنە گوماناویەکان" بۆ لایەنی سێیەم دەگەڕێننەوە، هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی "کەوتنە خوارەوەی ژنان" لە شوقەکانی وڵاتەکەدا دەکەن.

تورکیا لە ساڵی 2021 لە کۆنوانسیۆنی ئەنجوومەنی ئەوروپا کشایەوە کە تایبەتە بە پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی کە بە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ ناسراوە. لە کۆنوانسیۆنەکەدا داوا لە دەسەڵاتداران دەکرێت لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان سزا بدرێن.

ڕێکخراوی 'ئێمە ژنکوژی ڕادەگرین' ئاماژەی بەوە کردووە کە لە تورکیا لەماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، تاکە ساڵ کە ژمارەی کوژراوانی ژنان کەمیکردووە، ساڵی 2011 بووە کە تێیدا ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ پەسەندکراوە.

سەرچاوەکان/ ڕادیۆ فەردا/گاردیەن

XS
SM
MD
LG