Accessibility links

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئیسلامی و ئەنجومەنی پسپۆڕانی ڕێبەری لە ئێران بەڕێوەدەچێت


خولی دوازدەهەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ئیسلامی ئێران (مجلس شورای اسلامی) و خولی شەشهەمی ئەنجومەنی پسپۆڕانی ڕێبەری (مجلس خبرگان) لە ڕۆژی هەینی 1ی مانگی سێ لە سەرانسەری ئێران دەستی پێکردووە.

عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرلەبیانی ڕۆژی هەڵژباردندا بەشداریکرد و دەنگی خۆی خستە سندوقی دەنگەکان و داوای لە خەڵکی ئێرانیش کرد بە زووترین کات بەشداری بکەن و گوتی "لە کاری خێردا دەرنگ کردن ڕەوا نییە."

ڕێبەری باڵای ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە "چاوی زۆر کەس لە جیهاندا، چ تاک و چ سیاسەتمەدار و هەڵگرانی پۆستی بەناوبانگی نیشتمانی و سیاسی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێرانە" و داوای لە خەڵک کرد "دۆستان دڵخۆش بکەن و دوژمنان بێئومێد بکەن."


ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە دوای ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری "ژن، ژیان، ئازادی"، کە لەو ماوەیەدا سەدان کەس بە تەقەی هێزە ئاسایشییەکان کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر کران.

هەروەها کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان لە سێدارە داوە.

ڕاپرسی و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا زۆر نزم دەبێت ، ئەمەش بەهۆی ئەو ناڕەزاییە بەربڵاوەی کە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە دروست بووە و هەروەها بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکان دوای گیان لەدەستدانی ژینا و توندکردنەوەی سنووردارکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەنجوومەنی ئیسلامی ئێران کە لە مانگی سێ ساڵی 2020 بەڕێوەچوو، تەنها %42.5ی خەڵک بەشدارییان کرد کە کەمترین ڕێژەیە لە دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرەڕای لێدوانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری، دامودەزگا سەربەخۆکان بۆیان نییە ڕاپرسی ئەنجام بدەن و ڕاپرسی حکوومەتیش لەبەردەستی خەڵکدا نییە.

بەڵام لە ڕاپرسییەکی ئیسپا سەر بە ئاژانسی ئیسنا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، پێشبینی ئەوە کراوە کە تەنیا 23.5%ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری هەڵبژاردنەکانی تاران بکەن و ئەم ڕێژەیەش لە هەموو وڵاتدا 38.5% دەبێت.

بەڵام ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "دواین ڕاپرسی پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە بەشداریکردنی یەکلاکەرەوەی زیاتر لە 43%ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات".

بە پێی پەیڕەوی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوانەش چاوەدێریی چڕوپڕی ئەنجومەنی پارێزەران(شورای نگهبان) کە کارەکەی لە بێژەنگدانی کاندیدەکانە، پێدەچێت ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئامادە نابن و بازنەی بێبەشکردن باڵی ڕێفۆرمخوازی ئێران و هێزە ڕەخنەگرەکانی دیکەی ناو سیستەمەکە لە هەلبژاردنەکانی ئەم خولەدا فەراوانتر بووە.

بارەگای هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆ چەند مانگ پیش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە 24 هەزار و 829 کاندید بۆ خولی 12ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئیسلامی کاندیدکراون، بەڵام لە پڕۆسەی پێداچوونەوە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە تەنها بڕوانامەی زیاتر لە 14 هەزار کاندید پشتڕاستکرایەوە و مافی بەشداریکردنیان پێدرا.

هەروەها 510 کەس ناوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پسپۆڕانی ڕێبەری تۆمار کردبوو کە لە کۆتاییدا 144 کەسیان پەسەند کران بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ئەنجومەنەدا بەشداری بکەن.

حەسەن ڕۆحانی کە دوو خول وەک سەرۆک کۆماری ئێران بووە و لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەرپرسێکی باڵای ئێران بووە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پسپۆڕان بێبەش کرا.

ئەنجوومەنی پسپۆڕان 88 کورسی هەیە و لە هەڵبژاردنی ڕۆژی هەینیدا، بە گشتی کەمتر لە دوو کەس کێبڕکێ لەسەر هەر کورسییەکی ئەو ئەنجومەنە دەکەن.

سەرچاوەکان/دەنگی ئەمەریکا/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG