Accessibility links

سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە: هاوپەیمانان دەیانەوێت هەلێکی تر بدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە


سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چوار مانگ دواخرا بەهۆی کێشەکانی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتەکەوە و "تا هاوپەیمانان هەلێکی تر بدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە."

وتیشی وەزارەتەکە لە هەڵسەنگاندنەکەدا "دەرچوو بەڵام بە نمرەیەکی کەم."

سەرچاوەکە کە ناو و دەنگی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕاگەیاند، "دەبوایە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو هەڵسەنگاندنی ساڵانە بکرایە. بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پيویست ئیشەکان نەچووبوونە پێشەوە، هەڵسەنگاندنەکەیان دواخست بۆ مانگی 1ی ئەمساڵ. ئەوەبوو لە 29ی مانگی یەک کرا، واتە نزیکەی زیاتر لە چوار مانگ دواخرا."

وتیشی، "ئامانج لە دواخستنەکە بۆ ئەوەبوو چانسێکی باشتر بدەن بە کورد و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو چاکسازیانە بکات تا لە هەڵسەنگاندنەکە دەربچین. دەتوانم بڵێم لە هەڵسەنگاندنەکە دەرچووین بەڵام بە نمرەیەکی کەم."

پێشتر بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.

ئاستەنگیەکانی بەردەم یەکگرتنەوەکەش بۆ کێشەکانی نێوان هێزەکانی 70ی یەکێتی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دەگێڕنەوە.

بەڵام ڕۆژی 30 مانگی یەک، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەمەڕ کۆبونەوەی لیژنەی جێبەجێکاریی ئاراستەکردنی پێشمەرگە، لە هەولێر بڵاو کردووەتەوە، ناوەرۆکی بەییانامەکە دەڵێت، "پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبووە لە بوارەکانی دارایی و چاکسازی لە هەیکەلی هێزەکان."

لە چەند مانگی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتەکە ئاڵۆزی زیاترییان بەخۆیانەوە بینی بەتایبەت لەسەر پرسی دابەشکردنی دەستەڵاتی ناو وەزارەت بە گوێرەی سیستەمی پەنجا بە پەنجا. بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئێستا "دۆخەکە باشترە."

لیوا ڕوکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دۆخەکە باشترە بەڵام هەموو بەربەستەکانیش لانەچوون."

ئەمینداری گشتی ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات لەو بارەیەوە.

ڕۆژی 24ی مانگی 2 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەمەریکا. یەکێک لە یاوەرەکانی شاندەکە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت دوێنێ پێنجشەممە 2/29 شاندەکە لە واشنتن لەگەڵ ساشا بەیکەر بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ڕۆژی 29-2-2024
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ڕۆژی 29-2-2024

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتیی. پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو."

سەبارەت بە هۆکاری سەردانی وەزیری پێشمەرگە بۆ واشنتن، لیوا بەختیار ڕایگەیاند ئاگاداری ناوەرۆکی سەردانەکە نییە و وتی،" موهمەی سەردانەکە وەک وەزیر ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەهیواین بە خێر و چاکە بۆ سەر پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و پنتاگۆن بشکێتەوە."

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

بە پێی لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی نێوان پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بارەی ڕۆڵی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاوپەیمانان چانسی زۆریان داوە بە کحومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، وە بەردەوام حسابێکی تایبەتتریان بۆ وەزارەتی پيشمەرگە کردوە بەڵام کورد کەمترین سودی لێبینیوە، لە کاتێکدا دەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و پەیوەندیەکی پتەوتر دروستبکات."

وتیشی، "دەرچوونی وەزارەت گەر بە دەرەجەیەکی خراپیش بێت لە هەڵسەنگاندنەکەی هاوپەیمانان، ڕەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی ئاستی ڕەخنەکان کرمتر بووبێتەوە. لە ئێستاشدا بەرنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکگرتنەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام پرۆسەکە خاوە، هەرچەندە نەوەستاوە."

XS
SM
MD
LG