Accessibility links

ئەمەریکا و سەرۆکایەتی هەرێم: وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبووە لە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانیدا


پێشمەرگە
پێشمەرگە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەمەڕ کۆبونەوەی لیژنەی جێبەجێکاریی ئاراستەکردنی پێشمەرگە، لە هەولێر بڵاو کردووەتەوە.

بەیاننامە هاوبەشەکەی ڕۆژی سێشەممە ئاماژە بەوە دەکات لیژنەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی "پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە" کۆبوونەتەوە.

بەیاننامە هاوبەشەکەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاشەوە بڵاو کراوەتەوە تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و دەڵێت وەزارەتەکە " پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبووە لە بوارەکانی دارایی و چاکسازی لە هەیکەلی هێزەکان."

هەروەها دەشڵێت وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەش "چاویان لە پێشکەوتنی بەردەوامی هەوڵەکانی چاکسازی هەیە وەک ئەوەی لە یاداشتنامەکەی ساڵی 2002ی نێوان وەزارەتی بەرگری و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە."

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا جەختیش لە سەروەری خاکی عێراق کراوەتەوە و دەڵێت " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی عێراق دەبێت، لەوانەش خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاتێک خەریکی بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر و خاوەن سەروەرین."

بەرپرسانی ئەمەریکا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار بە ئاشکرا بێزاری خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەربەستەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی هێزی حەفتای یەکێتی و هێزی هەشتای پارتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

XS
SM
MD
LG