Accessibility links

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا: پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و بەتوانا لە ڕووی ئابوورییەوە دەکەین


کۆشکی سپی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگریی ئەمەریکای پشتڕاستکردۆتەوە بۆ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز، وە بەتوانا لە ڕووی ئابوورییەوە، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە کە جەیک سوڵیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا، باسی لە ڕۆڵی پێشمەرگە و قوربانیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەروەها "هاوبەشییە مێژوییەکەی نێوان پێشمەرگە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا" کردووە.

ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، "جەیک سوڵیڤان پاڵپشتی بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێرانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد."

هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا پشتگیری ئەمەریکای بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دووپاتکردۆتەوە لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی داهات و بودجە بە شێوەیەک کە "سەقامگیری و حوکمڕانی باش و پێشکەوتنی ئابووری لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزبکات."

کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و جەیک سوڵیڤان ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 29-2-2024، لە کۆشکی سپی ئەنجامدراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکی تردا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا "جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە."

حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە بەرامبەردا، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت."

هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێویستی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و "پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق" کردووە.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە 24ی مانگی ڕابردووەوە لە واشنتنە و ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر دوێنێ پێنجشەممە شاندەکە لەگەڵ چەندین بەرپرسی تری ئەمەریکا کۆبووەتەوە لە نێوانیان گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان و بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت و هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

XS
SM
MD
LG