Accessibility links

یاسادانەران ستراتیژیەتی بایدن لە یەمەن دەخەنە ژێر پرسیارەوە و داوای مۆڵەتی کۆنگرێس دەکەن


سیناتۆرە دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمەریکا ستراتیژیەتی سەرۆک جۆو بایدن دەخەنە ژێر پرسیارەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ڕایانگەیاند کە دەبێت داوای مۆڵەتی کۆنگرێس بکات بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە سەربازییەکان دژی ئەو گرووپە کە بنکەکەی لە یەمەنە.

ئەمەریکا بە نزیکەیی ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر حوسییەکانی سەر بە ئێران کە ڕایگەیاندووە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیەکان وەکو هاوسۆزییە بۆ فەلەستینییەکان لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر غەززە.

ئەم هێرشانەی ئەمەریکا تا ئێستا نەیانتوانیوە هێرشەکانی حوسییەکان بوەستێنن، کە بازرگانی جیهانی پەکخستووە.

لە میانی دانیشتنێکی کۆنگرێسدا لەگەڵ بەرپرسانی پەنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سیناتۆری دیموکرات تیم کەین ڕایگەیاند، نیگەرانییەکی ڕژد هەیە سەبارەت بەو دەسەڵاتە یاساییەی کە بەرێوەبەرایەتی بایدن پشتی پێدەبەستێت بۆ ‌هێرشکردنە سەر حوسییەکان.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێرشەکان کە لە مانگی یەکەوە دەستیان پێکردووە تا ئێستا 150 موشەک و ئامێری ڕادار و هەڵدانی مووشەکیان تێکشکاندووە، هەروەها چەند کۆگایەکی هەڵگرتنی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەناوبردووە.

حوسییەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند ئەوان پێداچوونەوە بە هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دەکەن بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا، ئەگەر ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بهێنێت.

سیناتۆر کریس مۆرفی، کە سەرۆکایەتی لیژنەی لاوەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات دەکات دەڵێت " دەستوور داوا لە کۆنگرێس دەکات کە ڕێگە بە کردەوەی شەڕ بدات، ئێمە بەڵێنمان داوە گوێڕایەڵی دەستوور بین. "ئەگەر ئێمە پێمان وایە ئەمە کارێکی سەربازی دادپەروەرانەیە و منیش پێموایە، ئەوا پێویستە ڕێگەی پێبدەین."

مۆرفی کە دیموکراتە ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوکارەکانی گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی مۆڵەتێکی لەو شێوەیە دەستەبەر بکەن.

سیناتۆر تۆد یۆنگ، سەرۆکی باڵای کۆمارییەکان لە لیژنە لاوەکییەکەدا، ڕایگەیاند، گومانی لە ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتیەکە هەیە.

یۆنگ دەڵێت: "زۆر گرنگە بەرێوەبەرایەتیەکە وەڵامی ئەم کارانە بداتەوە لە هەمان کاتدا نیشانی بدات کە ستراتیژییەکە هەم بۆ ڕێگریکردنە لە شەڕانگێزی، هەم ڕێبازێکی یاسایی گونجاوە". ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نەمبینیوە ستراتیژییەکی لەو شێوەیە بخرێتەڕوو.

دەستووری ئەمەریکا مافی ڕێگەدان بە شەڕ دەداتە کۆنگرێس نەک سەرۆک، بەڵام بڕگەکانی یاسای ئەمەریکا دەسەڵاتی دەستپێکردنی کردەوەی سەربازیی دەرەکی سنووردار بە کۆشکی سپی دەدەن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG