سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جۆو بایدن، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی شەڕی ئۆکرانیا، زیاتر لە 500 سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا کە ڕۆژی هەینی 23ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا کۆت و بەندێکی نوێی هەناردەکردنیش دەخاتە سەر نزیکەی 100 کۆمپانیا بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لە ڕووسیا و هەروەها هەنگاو دەنێت بۆ کەمکردنەوەی زیاتری داهاتی ووزەی ڕووسیا."
بایدن سەپاندنی کۆت و بەند و سزا نوێیەکانی بە ڕێوشوێنەکانی لێپرسینەوە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ناوبرد بە هۆی لەشکرکێشیەکەیەوە بۆ سەر ئۆکرانیا و سەرکوتکردنەکانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و هەروەها گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی.
ئاماژەی بەوەشکرد سزاکان ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە زیندانیکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنییەوە هەیە، هەروەها کەرتی دارایی، کۆمەڵگەی پیشەسازی بەرگریی ڕووسیا، زنجیرەکانی دابینکردنی سەربازی کریملین و هەموو ئەو کەسانەی بە خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر ڕووسیا لە کیشوەرە جیاوازەکاندا یارمەتی شەڕی پوتن دەدەن، دەگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی تەواوکەری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس کە بەشێکی بریتییە لە هاوکارییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا، گوتی "چەک و تەقەمەنیەکانیان خەریکە تەواو دەبێت. ئۆکرانیا پێویستی بە پێداویستی زیاترە لە ئەمەریکاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە بێوچانەکانی ڕووسیا کە بەهۆی چەک و تەقەمەنی ئێران و کۆریای باکوورەوە بەردەوامە لە هێرش کردن.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوتی "گەلی ئازای ئۆکرانیا هێشتا خەبات دەکەن و لە ئیرادەیان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و داهاتوویان دەستبەردار نەبوون." گوتیشی " ناتۆ لە هەموو کاتێک بەهێزتر و گەورەتر و یەکگرتووترە و هاوپەیمانی جیهانی بێ وێنە کە پێکهاتووە لە 50 وڵات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پابەندە بە پێشکەشکردنی یارمەتییە گرنگەکانی ئۆکرانیا و لێپرسینەوە لە ڕووسیا بۆ دەستدرێژیەکانی".
وەزارەتەکانی دەرەوە و خەزێنەی ئەمەریکاش بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و وردەکاری زیاتری ئەو سزایانەیان ڕوون کردووەتەوە.
والی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، خولی نوێی سزاکان کە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازیی مۆسکۆ و کۆمپانیاکانی وڵاتانی سێهەم دەکاتە ئامانج کە ئاسانکاری بۆ ڕووسیا دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بەو کاڵایانە کە پێویستی پێیەتی.
یەکێتی ئەوروپاش ڕۆژی چوارشەممە پاکێجی سێزدەهەمی سزاکانی پەیوەست بە ئۆکرانیا بۆسەر ڕووسیا پەسەند کرد، کە نزیکەی 200 قەوارە و کەسایەتی کردە ئامانج کە تۆمەتبارن بە یارمەتیدانی مۆسکۆ بۆ دەستخستنی چەک یان تێوەگلان لە ڕفاندنی منداڵانی ئۆکرانیا.
هەروەها بەریتانیا سزای نوێی بەسەر زیاتر لە 50 کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە ڕووسیا سەپاند. بە گوتەی بەرپرسانی بەریتانیا، ئامانج لەو سزایانە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ڕووسیایە لە بازرگانی دەرەکی، لەوانە ئەڵماس و کانزا و وزە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز