Accessibility links

ئەمەریکا یەکێک لە سەرکردەکانی یاکوزا تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ فرۆشتنی ماددەی ئەتۆمی بە ئێران

داواکاری گشتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاکێشی ئەبیساوای تەمەن 60 ساڵ کە دەوترێت یەکێک لە سەرکردەکانی باندی تاوانکاریی یاکوزایە لە ژاپۆن، تۆمەتبار دەکات بە فرۆشتنی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

داواکارانی گشتی دەڵێن ئەم پیاوە ژاپۆنییە کە ئێستا لە زیندانی بروکلینی نیویۆرکدایە، مەبەستی بووە بە فرۆشتنی ئەو گردیلە ئەتۆمییە دەگمەنانە بە ئێران هاوکاری کۆماری ئیسلامی بکات لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئابیساوا و پیاوەکانی لە تایلەند بوون بۆ فرۆشتنی نمونەی ماددە ئەتۆمییەکان بە بریکارێکی نهێنی ئیدارەی جێبەجێکردنی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمەریکا کە خۆی لە شوێنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر و چەک کە پەیوەندی بە فەرماندەیەکی ئێرانییەوە هەیە، بە ناوبراو ناساندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، پۆلیسی و بەرپرسانی حکومەتی تایلەند دەستیان بەسەر نمونەکانی ماددە ئەتۆمییەکاندا گرتووە و دواتر ڕادەستی پشکێنەرە ئەمەریکاییەکانیان کردووە و تاقیگەیەکیش لە ئەمەریکا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو نمونانە پلۆتۆنیۆم یۆرانیۆمیان تێدایە کە بۆ دروستکردنی چەک بەکاردەهێنرێن.

تاکێشی ئەبیساوا وەک داواکارانی گشتی ئەمەریکا دەڵێن سەرۆکی باندێکی نێودەوڵەتی تاوانکارییە کە بنکەکەی لە ژاپۆنە. ناوبراو بەهاری ساڵی 2022 ش بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەک تۆمەتبارکراوە و ئەگەر لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا بەو تۆمەتە نوێیەش تاوانبار بکرێتەوە، ئەوا ڕەنگە لە ئەمەریکا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێندرێت.

XS
SM
MD
LG