Accessibility links

ئیسماعیل حەدیدی: عێراق و ئێران و تورکیا دەخوازن پۆستی پارێزگاری کەرکوک لای عەرەب بێت


سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی حەز دەکەن پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ عەرەب بێت، بەڵام یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەو پۆستە ئاسان نییە و ڕێککەوتنی دەوێت.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق، ئێران و تورکیاش حەزەکەن پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ عەرەبی سونە بێت، بەڵام بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ کورد بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستە لەلایەن عەرەبەوە قورسە."

ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بەڕێوەچوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێکنەکەوتوون.

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کورد و ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا 8 ئەندامی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"عەرەب چاوی لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارەو تا ئێستا ئامادە نییە دەستبەرداری بێت، بەڵام یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ئەو پۆستە بێ ڕێککەوتن کێشەی لێدەکەوێتەوە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

ڕۆژی 4 ی مانگی 2 ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

سەرچاوەیەک لە مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگار نابێت، دەبێت ئەو پۆستە بۆ کورد بێت و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەب بێت، ڕەنگە لە ئەنجامدا عەرەب بەمە ڕازی بێت."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2017ەوە، کورد پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستداوەو پۆستەکە لای ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبییە، بەڵام لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت دوای 6 ساڵ و 4 مانگ جارێکی تر ئەو پۆستە بەدەست بهێننەوە.

عەرەبی سوننە خاوەنی 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە و کورسییەکانی بەسەر سێ لیست دا دابەشبوون، لیستی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی ڕاکان جبوری 3 کورسی، لیستی تەقەدوم 2 کورسی و لیستی عروبە کورسییەکی هەیە.

ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"سێ لیستەکەی عەرەبی سونە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوەو تا ئێستا راکان جبوری کاندیدیانە بۆ پۆستی پارێزگار، ڕەنگە خەڵکی تریش هەبێت لەنێو عەرەب دا چاوی لەو پۆستە بێت."

ڕێکنەکەوتنی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەکاتێکدایە، عەرەبی سونە لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردووداو بەسود وەرگرتن لەو پۆستە توانیویەتی پێگەی خۆی بەهێز بکات، کوردیش دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو پۆستەوە خۆی لەو شارە بەهێز بکاتەوە.

سەرکردەکەی عەرەبی سونە وتی،"گەر لایەنەکان ڕێکنەکەون لەسەر پۆستی پارێزگار، ڕەنگە مەسەلەکە ببرێتە دادگای فیدراڵی عێراق و ئەو دادگایە دواجار کێشەی نێوان لایەنەکان لەسەر پۆستەکانی کەرکوک یەکلایی بکاتەوە."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو یاریدەدەرەکانیان، ئەو پۆستە سیادییانەی کەرکوکن کە دەبێت پێکهاتەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنیان ڕێکبکەون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00

XS
SM
MD
LG