Accessibility links

یەکێتی دەڵێت داوای کۆبوونەوەی لە پارتی کردووە و پارتیش ڕەتیدەکاتەوە


لەکاتێکدا لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی چڕکردووەتەوە، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و چۆنیەتی بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک کۆنەبوونەتەوە.

بەرپرسانی یەکێتی جەخت لەسەرئەوەدەکەنەوە داوای کۆبوونەوەیان لە پارتی کردووەو هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە، لەکاتێکدا سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕەتیدەکاتەوە یەکێتی داوای کۆبوونەوەی لێکردبن.

شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەکو لە ڕاگەیەنراو و ڕاگەیاندنی یەکێتیش ئاماژەی پێدەکرێت، یەکێتی دەیەوێت ناوماڵ و ڕیزی کورد یەکبخات و پێکەوە بە وەرەقەیەکی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتەکانی تر کاربکەین، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان لەکۆی 16 کورسی بەدەستهێناوە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو یاریدەدەرەکانیان کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و پێکنەهێنانی هاوپەیمانێتی کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەسەر ئاستی لقی کەرکوکی پارتی هیچ داواکارییەکی یەکێتیمان پێنەگەیشتووە بۆ دانیشتن، جارێک مەڵبەندی یەکێتی بۆ پیرۆزبایی کردنەوەی لق سەردانیان کردین و بەگەرمی پێشوازیمان لێکردن."

ئەو وتیشی،"ئومێدەوارین بتوانین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنێین تا خزمەت بە هەموو نەتەوەکانی کەرکوک بکات."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کورسی کۆتای کریستییانەکانیش لەلایەن بەربژێری بزووتنەوەی بابلیۆنەوە بەدەستهێنراوە.

هەر هاوپەیمانێتییەک بیەوێت گەورەترین کوتلە لە نێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێکبهێنێت پێویستی بە دەنگی 9 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە، بەڵام سەرباری گفتووگۆی نێوانیان تا ئێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیووە گەورەترین کوتلە پێکبهێنێت.

کۆنەبوونەوەی یەکێتی و پارتی بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لە ئیدارەی داهاتووی پارێزگای کەرکوک لەکاتێکدایە، دەنگۆی بوونی گفتووگۆ لەنێوان پارتی و عەرەبی سونەو تورکمان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەئارادایە.

حەسەن مەجید دەڵێت،"لەکوێ دانیشتنکراوەو چیکراوە ئەمەمان نەبیستووە، ئومێد دەکەم بتوانین ناوماڵی خۆمان ڕێکبخەین."

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوەو پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن و یاریدەدەرەکانیان هەڵبژێرێت.

کۆنەبوونەوەی یەکێتی و پارتی بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان لەکاتێکدایە، کورد کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستداوەو لەسەر ئاستی پارێزگاکە پێگەی لاوازبووە.

حەسیبە عەبدوڵا، سەرکردەی یەکێتی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی و پارتی دوو هێزی کوردین، گەر لەهەموو لایەنەکانی تر زیاتر خەمخۆری ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد نەبن، وەڵاهی مێژوو ڕەحم ناکات و زەرەرێکی گەورەش لە خۆیان و پێگەی کورد دەدەن."

هەروەها وتیشی،"یەکێتی هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان بەبەشداری سەرجەم لایەنەکان دەدات."

ڕۆژی 9 ی مانگی 1 ی 2024، بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی کەرکوک کۆبوونەوەو دوای کۆبوونەوەکە، محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند،"لەگەڵ یەکێتی پێکەوە کاردەکەین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:18 0:00

XS
SM
MD
LG