Accessibility links

ئەمینداری ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک: دانوستان نەکراوەو لایەنەکان گرەو لەسەر کات دەکەن


ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا دانوستانی فەرمی و ڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ئەنجام نەدراوەو سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوکیش چاویان لە بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە.

حاتەم تائی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا گفتووگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو لایەنانەی نوێنەریان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە ئەنجام نەدراوە، لێدوان و قسەی بەرپرسان بە هەڵوێستی فەرمی هەژمارد ناکرێت."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کورد و ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

حاتەم تائی دەڵێت،"کورد و عەرەب و تەنانەت تورکمانیش چاویان لە بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەو ئەمە مافێکی سروشتییە، بۆیە مەسەلەکە دەمێنێتەوە سەر ئاراستەی دانوستانەکان و چۆنیەتی گەیشتنە ڕێککەوتن."

ڕۆژی 4 ی مانگی 2 ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بە پێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

سەرباری هاوڕابوونی یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، بەڵام هەردوولایان جەخت لەسەر دانوستان و گفتووگۆکردن لەگەڵ عەرەب و تورکمان و ڕێککەوتن لەگەڵیان دەکەنەوە.

ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکوک، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هێشتا دانوستان لەنێوان لایەنەکانی کەرکوک دەستی پێنەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد ئیرادە لای هێزە نیشتمانییەکان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن هەیە.

حاتەم تائی دەڵێت،"تەنانەت گەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتنیش، گریمانەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بەدوور دەزانم."

دەشڵێت،"لایەنەکان بۆ فشارخستنە سەر یەکتری گرەو لەسەر کات دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی زیاتر، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو کرانەوەیەک هەبێت بۆ ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتی محەلی کەرکوک."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 ەوە، کورد پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستداوەو پۆستەکە لای ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبییە، بەڵام لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت بەسود وەرگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بەدەست بهێننەوە، لەکاتێکدا عەرەب نایەوێت دەستبەرداری بێت.

یەکێک لەو پێشنیارانەی وەکو دەرەچەیەکی سیاسی بۆ ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی پێدەکرێت، بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگارە بە نۆرە، دوو ساڵ لای کورد و دوو ساڵەکەی تر لای عەرەب بێت.

حاتەم تائی دەڵێت،"بڕگەیەکی یاساییمان نییە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە نۆرە و ئەمە وەکو چارەسەر باسنەکراوە، بەڵام گەر ڕێککەوتنێکی واکرا دەبێتە ڕێککەوتنی سیاسی، ئەمەش دەوەستێتەوە سەر پابەندی لایەنەکان."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و یاریدەدەرەکانیان، ئەو پۆستانەن کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەبێت لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنیان ڕێککەوتن ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG