جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 16ی مانگی دوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی لە زینداندا.
سەرۆکی ئەمەریکا وتی"هەڵە مەکەن، بەرپرسیارێتی گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی لە ئەستۆی پوتندایە. ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لەسەر دەڕەندەبوونی پوتن. نابێت کەس فریو بدرێت، نە لە ڕووسیا، نە لێرە، نە لە هیچ شوێنێکی جیهان. پوتن تەنها هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە ناکاتە ئامانج، وەک ئەوەی ئێستا لە ئۆکرانیا دەیبینین، بەڵکو تاوانی ترسناک دژی گەلەکەی خۆیشی ئەنجام دەدات ".
جۆو بایدن هەروەها سەبارەت بە ئەلێکسی ناڤاڵنی وتی " ئەو هەمان ئەو شتە بوو کە پوتن نەبوو، ئازا بوو، پرەنسیپی هەبوو، پابەند بوو بە ئەوەی ڕووسیا بکاتە وڵاتێک کە بە پێی یاسا کار بکات و لە هەموو شوێنێک یاساکانی جێبەجێ بکرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی "کوشتن" بووە، بایدن وتی "گومانی تێدا نییە مردنی ناڤاڵنی دەرئەنجامی ئەو کارانە بووە کە پوتن و تاوانکارەکانی بەسەریان هێناوە."
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوسەر و بنەماڵەی ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕووسیای بە بەرپرسیار زانی لە گیانلەدەستدانەکەی و ڕایگەیاند "سەرنج خستنەسەر کەسێک و ترسان لێی تەنها پیشاندەری لاوازی و خراپبوونی ئەو سیستەمەیە کە ڤلادیمێر پوتن دروستی کردووە."
هەروەها کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتارەکەی بە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوسەر و خێزانەکەی ناڤاڵنی دەستپێکرد و ڕایگەیاند کە ئەمە نیشانەیەکی دیکەی "دڕندەیی" پوتنە.
کامالا هەریس حکومەتی ڕووسیای بە هۆکاری مردنی ناڤاڵنی ناوبرد و وتی "دواتر زیاتر قسەمان لەسەر ئەم بابەتە دەبێت."
هەروەها جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن پی ئاڕ، گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی بە "کارەساتێکی ترسناک" ناوبرد و ڕایگەیاند، بە پێی مێژووی دوور و درێژی حکومەتی ڕووسیا لە زیانگەیاندن بە نەیارەکانی، پرسیارەگەلێکی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بەوەی بەسەری ناڤاڵنی هاتووە، هاتووەتە ئاراوە.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا