Accessibility links

تام سوازی دیموکرات لە هەڵبژاردنێکی تایبەتی نیویۆرک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت


تام سوازی ئەندامی دیموکرات ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە هەڵبژاردنێکی تایبەتدا بۆ کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران لە نیویۆرک سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دۆخێکدا کە ڕەنگە هیواکانی پارتەکەی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆتایی ئەمساڵدا زیاد بکات.

سوازی شکستی بە مازی فیلیپی کۆمارییەکان هێنا و ئەو کورسییەی کە بە بەتاڵی مابووەوە کاتێک جۆرج سانتۆسی کۆماری لە کۆنگرێس متمانەی لێسەندرایەوە. بەم سەرکەوتنە سوازی دەگەڕێتەوە واشنتن، کە بۆ ماوەی سێ خول پێشتر ئەندامی کۆنگرێس بوو بەر لەوەی وازی لێبهێنێت بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی فەرمانڕەوا بەڵام سەرنەکەوت.

ڕوون نییە کە ماوەی داهاتووی لە کۆنگرێس چەندێک دەبێت، چونکە پرۆسەی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکان دەکرێتەوە کە دەشێت ئەو ناوچەیەی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکات بگۆڕێت. بەڵام بۆ ئێستا ئەنجامەکە زۆرینەی کۆمارییەکان کە لە ئێستاوە لە ئەنجومەنەکە کەمبووەتەوە بەرتەسکتر دەکاتەوە. وە سەرکەوتنێکی زۆر پێویست دەدات بە دیموکراتەکان لە ناوچەی لۆنگ ئایلەندی شاری نیویۆرک، کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا کۆمارییەکان هێزێکی چاوەڕوان نەکراویان نیشان دا.

فلیپ دانی بە شکستەکەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە، شەوی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە سوازی کردووە.

فلیپ لە ئاهەنگی چاودێری هەڵبژاردنەکانیدا بە لایەنگرانی ڕاگەیاند "بەڵێ دۆڕاین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە لێرە کۆتایی پێدەهێنین."

پێدەچێت سەرکەوتنی سوازی دیموکراتەکان دڵنیا بکاتەوە کە دەتوانن لە کۆمەڵگاکانی دەرەوەی شار لە سەرانسەری وڵاتدا ئاستێکی باش ئەنجام بدەن، ئەمەش گرینگ دەبێت بۆ هەوڵەکانی پارتەکە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و هەڵبژاردنەوەی سەرۆک جۆو بایدن.

هێشتا پێشبینییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 دەکرێت ئاڵۆزبن بەو پێیەی کە ڕێژەی بەشداریکردن کە لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی سێشەممە کەم بوو و پێدەچێت بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارین بووبێت لە ناوچەکە، هەرچەندە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ئۆفەری ئەوەیان کردبوو کە بەبێ بەرامبەر خەڵکی دەگەیەننە بنکەکانی دەنگدان.

لە دەمی هەڵمەتەکانیدا سوازی کە سیاسییەکی دیموکراتی ناوەندگرە، پشتی بە هەندێک لە هەمان ئەو پرسانە بەست کە کۆمارییەکان بەکاریان هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر دیموکراتەکان، داوای سیاسەتی سنووری توندتری ئەمەریکا و گەڕانەوەی یاسا کۆنەکانی نیویۆرکی کرد کە کاری دادوەرەکان سەختتر دەکات بۆ بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تاوانکار لە دەمێکدا چاوەڕێی دادگایی دەکەن.

هەڵبژاردنە نائاساییەکە پاش ئەوە بوو جۆر سانتۆسی کۆماری لە مانگی 12 دا لەلایەن بەهۆی تۆمەتەکانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەلایەن هاوکارەکانییەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، کە لە نیوەی خولی یەکەمی پۆستەکەیدا بوو.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG