بەرپرسانی تاڵیبان هێشتا دژی ئەگەری دانانی نوێنەێکی نەتەوە یەکگرتووەکانن بەڵام دەڵێن بیر لە "بەشداریکردنی مانادار" دەکەنەوە لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی داهاتوودا سەبارەت بە ئەفغانستان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 18ی مانگی دوو کۆبوونەوەی نوێنەرانی تایبەتی وڵاتانی جیاواز بۆ ئەفغانستان لە قەتەر بەڕێوەدەبات بۆ تاوتوێکردنی ستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆی تاڵیبان.
بڕگەیەکی سەرەکی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، دانانی ئەگەری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە کە هەماهەنگی زیادکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان لە کابول دەکات. ئەم دامەزراندنە کە لە هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشنیار کراوە و لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیەوە پشتگیری دەکرێت.
چین و ڕووسیا بەشدارییان نەکرد لە دەنگدانێکی مانگی 12ی 2023ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر بڕیارێک کە دەسەڵاتی بە سکرتێری گشتی داوە نوێنەرێکی تایبەت بۆ ئەفغانستان دەستنیشان بکات.
ڕۆژی چوارشەممە عەبدولکەبیر، جێگری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان، بە تۆماس نیکڵسن، نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەفغانستانی ڕاگەیاند "بە ئامادەبوونی یوناما [نێردەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان]، پێویست بە دانانی نێردەی نوێ ناکات."
یوناما کە نوێنەرایەتییەکی سیاسییە بە سەرۆکایەتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی، لە ساڵی 2002 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئەرکەکەی نوێ دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا تاڵیبانی بانگهێشتی کۆبوونەوەی قەتەر کردووە یان نا، بەڵام لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستاندا هاتووە کە کابول بیر لە بەشداریکردنی مانادار دەکاتەوە.
لە بەیاننامەکەی کە 3ی مانگی دوو بڵاو کراوەتەوە لە زاری ئەمیر خان موتەقییەوە ڕاگەیەندراوە، "بە گشتی میرنشینی ئیسلامی [ئەفغانستان] دیدێکی ئەرێنی هەیە سەبارەت بەم کۆبوونەوەیە".
داواکاری تاڵیبان بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕەتکراوەتەوە و هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانپێدانانی خۆی بە حکومەتی تاڵیباندا ڕانەگەیاندووە.
لە دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە ساڵی 2021وە، سەرکردەکانی تاڵیبان تا ڕادەیەکی زۆر چاوپۆشییان لە بانگەوازە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بۆ کارکردن و خوێندن.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی کە زیادبوونی پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان مەترسی شەرعیەتدانی بە سەرکردایەتییەک هەیە کە تۆمەتبارە بە جیاکارییەکان و ئەنجامدانی کۆمەڵێک پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا ئەوەی هەندێک بە "ئاپارتایدی جێندەری" ناویان ناوە.
هوگۆ لۆرێنس، بەرپرسی پێشووی کاروباری ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " تاڵیبان لە دۆخێکدا نییە کە مەرج بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابنێت. تاڵیبان زیاتر پێویستی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە نەک بە پێچەوانەوە. پێویستە ژیرانە بیر لە مامەڵەکردن بکاتەوە."
لۆرێنس وتی ئەگەر تاڵیبان ڕەتیبکاتەوە هاوکاری لەگەڵ نێردەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئەوا دەتوانێت توانای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر سنووردار بکات بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانە سیاسی و مرۆییەکان لە ئەفغانستان.
گوتیشی "دەبێت تاڵیبان نیشان بدات کە شایەنی دانپێدانانن."
بەڵام کاربەدەستانی تاڵیبان حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ڕاستییەکانی ئەفغانستان پشتگوێ دەخەن و ئەجێنداکانی خۆیان دەسەپێنن.
یەعقوب موجاهید، وەزیری بەرگری ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لە کابول گوتی " هەر کەسێک هەولی زیان گەیاندن بە ئاسایش و ئابووری ئەفغانستان بدات، و فشارە سیاسی و دەرەکییەکان بسەپێنێت، هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت."
ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک سزای جیاوازیان بەسەر سەرکردە و لایەنەکانی تاڵیباندا سەپاندووە، بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە تیرۆر. تاڵیبان ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەوە و دەڵێت سزاکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بارگرانی لەسەر ئابووری ئەفغانستان دروست دەکەن و ڕێگری لە یارمەتییە مرۆییەکان و گەشەسەندنی ئابووری دەکات.