Accessibility links

ناکۆکییەکانی لەسەر خاڵی سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان کێشەی بۆ هەزاران بارهەڵگر دروست کردووە


خاڵی سنووری تۆرخام لەسەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان
خاڵی سنووری تۆرخام لەسەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان

بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن ڕۆژی دووشەممە هەزاران بارهەڵگر لەسەر یەکێک لە قەرەباڵغترین خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان گیرییانخوارد، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی خاڵەکانی سەر سنوورەکان بە ڕووی بازرگانیدا داخران، لە نوێترین ناکۆکییەکاندا سەبارەت بە یاساکانی بەڵگەنامە بۆ شۆفێرەکانی بارهەڵگرە بازرگانییەکان.

ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی پاکستان ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی ئەو ئەفغانییانە دەستپێکرد کە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک لە پاکستان دەژین و داواکارییەکانی بۆ ئەو ئەفغانییانەی کە دێنە پاکستانەوە توندتر کردەوە، خاڵە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی داخران.

بەرپرسانی سنوورەکە دەڵێن شەوی هەینی خاڵی سنووری تۆرخام بە ڕووی بارهەڵگرە بازرگانییەکاندا داخرا، هاوسەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هاوبەشی ئەفغانستان و پاکستان جان ئەلاکۆزای بە فرانس پرێسی وت ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 3000 بارهەڵگر لە هەردوو دیوی سنوورەکە گیرییان خوارد.

وتی " ئەمە " نەک تەنها زیانی بە بازرگانەکانی هەردوو وڵاتەکە گەیاندووە بەڵکو بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکان لە بازاڕدا، چونکە زۆربەی ئەو بارانە لە خۆراک پێکهاتوون و خراپ دەبن ئەگەر خاڵە سنوورییەکە بە داخراویی بمێنێتەوە."

هەردوو وڵاتەکە لۆمەی یەکتری دەکەن لەسەر داخستنی خاڵە سنوورییەکە، کە لە ڕۆژی هەینییەوە خاڵە سنوورییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە.

ناکۆکییەکە لەسەر داواکارییەکان بوو لە شۆفێرانی هەردوو وڵاتەکە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڤیزا و پاسپۆرتییان هەبێت، ئەو بەڵگەنامانەش زۆرێک لە ئەفغانییەکان نییانە.

بەرپرسێکی گومرگی پاکستان وتی نزیکەی 450 بارهەڵگر لە دیوی پاکستان لەسەر خاڵی سنووری تۆرخام گیرییان خواردووە، نزیکەی 600 بارهەڵگری دیکە ناچار بوون بە درێژایی شەقامەکەی سەر سنوورەکە بوەستن.

بەپێی بەرپرسانی هەردوو وڵاتەکە، گفتوگۆکان لە نێوان ئیسلامئاباد و کابوڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە.

وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئەفغانستان عەبدول سەلام جەواد وتی تاوەکو شەوی دووشەممە هیچ ئەنجامێک نەبووە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەفغانستان و پاکستان پەیوەندییەکی زۆر ناجێگیرییان هەبووە، ئیسلامئاباد حکومەتەکەی تاڵیبانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی شکستی هێناوە لە بنەبڕکردنی ئەو چەکدارانەی کە لە ئەفغانستانەوە هێرش دەکەنە سەر پاکستان، کابوڵیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ساڵی ڕابردوو خاڵە سنوورییەکانی تۆرخام و سپین بۆڵداک چامان بەردەوام لە داخراندا بوون، لە کاتێکدا کە هەندێک جار گرژییەکان لەسەر سنوورەکە دەبوونە هۆی دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG