Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەر بووە


دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەر بووە و هەڵگری باری وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوون، لە نزیک یەمەن و لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی یەک بڵاویکردەتەوە، ڕایگەیاندووە " تیرۆریستانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سێ مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان لە یەمەنەوە بەرەو کەشتی 'مەیرسک دیترویت' و 'مەیرسک چیساپیک' هەڵداوە کە تەنها یەکێک لە مووشەکەکان بەر ئامانجەکەی کەوتووە و دوو مووشەکی دیکەش خراونەتە خوارەوە."

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، هێرشەکان هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

چاودێران دەڵێن حوسییەکان بە پەلاماردانی ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی بابولمەندەبدا تێدەپەڕن، مەترسیی زیادکردنی ململانێکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر کردووە.

هاوکاتی ئەم ڕووداوانە، دەسەڵاتدارانی حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند مۆڵەتی یەک مانگیان بۆ هەموو کارمەندانی ئەمەریکایی و بەریتانیایی و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکانیان لە شاری سەنعادایە، دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

حوسییەکان ئەم بڕیارەیان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانیان داوە. هەفتەی ڕابردوو لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، ئەمەریکا جارێکی دیکە ئەو گرووپەی خستەوە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستیەکان و هەروەها تاکو ئێستاش چەند خولێکی هێرشی ئاسمانی لەگەڵ بەریتانیا بۆ سەر ئەو گرووپە و پێگەکانی بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانیان، ئەنجامداوە.

زۆرێک لە شارەزایانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیەکان لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی ئێران و بە هاوکاری چەک و زانیارییەکانی تاران ئەنجام دەدرێت. حوسییەکان دەڵێن، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن.

XS
SM
MD
LG