Accessibility links

ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی نیو هامشەردا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دووهەم سەرکەوتنی خۆی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنە بەراییەکەی ستانی نیوهامشەردا و بەم سەرکەوتنەش ئەگەرەکانی زیاتر کردووە کە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە مانگی یازدەدا دانۆڵد ترامپ ببێتەوە کاندیدی فەرمی کۆمارییەکان لە بەرامبەر جۆو بایدندا.

لە کاتێکدا 56%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، ترامپ نزیکەی 54%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە 45%ی دەنگەکانی نیکی هەیلی،. ئەوەش بەس بوو بۆ ئەوەی ترامپ وەک براوەی پێشبینیکراو دەستنیشان بکرێت.

پانتاییەکانی ڕکابەریی بەربژێرە کۆمارییەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە نێوان ترامپ و هەیلی مایەوە پاش ئەوەی ڕان دی سانتس فەرمانڕەوای ستانی فلۆریدا ڕۆژی یەکشەممە بڕیاری کشانەوەی دا لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن.

دی سانتس لە هەڵبژاردنە بەراییەکەی ستانی ئایەوادا لە ڕیزبەندیی دووهەمدا بوو ئەڵبەت لە پاش ترامپەوە.

نیکی هەیلی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ یو ئێن لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڵێ ترامپ لە نیوهامشەریش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەڵام دەشڵێت تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە پێشەبڕکێی هەڵبژاردندا و هەروەها ئاگاهیشی داوە بەوەی ئەگەر دانۆڵد ترامپ ببێتە کاندیدی فەرمی کۆمارییەکان ئەوا یانی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی داهاتوودا و بەدەستهێنانەوەی گەڕی دووهەمی سەرۆکایەتی.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکەی ستانی نیو هامشەردا کاربەدەستانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک بایدن ڕایدەگەیەنن ئەو سەرکەوتنەی ترامپ مانای وەهایە شییانی بوونی ترامپ بە کاندیدی سەرەکی و فەرمی کۆمارییەکان زۆر زۆرە.

لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا هەرچ بەربژێرێکی کۆمارییەکان ئەگەر سەرکەوتنی لە ئایەوا و نیو هامشەر بەدەستهێنابێت ئەوا بووەتە کاندیدی فەرمیی لایەنەکەی.

سەرۆک بایدن دوای ئەو سەرکەوتنەی ڕۆژی سێشەممەی ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکەی ستانی نیو هامشەردا، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دیموکراتی و ئازادییەکانی تاکە کەس لە ئەمەریکادا لە مەترسیدایە."

لەو ڕاگەیەندراوەدا سەرۆک بایدن دەڵێت "مەترسییەکان لەوە گەورەتر نابن، دیموکراتی و ئازادییەکانی تاکە کەس و ئابوریشمان، هەر هەموویان لە مەترسیدان."

سەرچاوە: فرانس پریس، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG