Accessibility links

سودانی و بارزانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵدەوەشێننەوە


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوە پلان بۆ دانراوەکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە داڤۆسی سویسرا پووچەڵکردەوە.

پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت پووچەڵکردنەوەی کۆبوونەوەکە وا دیارە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیانە بەرامبەر هێرشەکەی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق کە 4 هاووڵاتی سیڤیلی تێدا کوژراوە لە ناویاندا منداڵێکی ساواش.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند، تاران زانیاری هەواڵگری لەگەڵ عێراقدا هاوبەش کردووە سەبارەت بەوەی وەک دەڵێت چالاکییەکانی ئاژانسی هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان.

ئێران دەڵێت سوپای پاسداران ‌هێرشەکەی دووشەممەی کردووەتە سەر "بارەگای موساد"ی ئیسرئیل لە هەولێر. بەڵام عێراق ڕەتیکردووەتەوە هیچ ناوەندێکی لەوجۆرەی موساد لەو وڵاتەدا هەبێت.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی سێشەممە دوای ئەوەی سەردانی ئەو باڵەخانەیەی کرد کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایەسەر، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی K24ی ڕاگەیاند " ئەم ماڵەی کە مووشەکباران کراوە، ماڵی بازرگانێکی سیڤیلە، نەک بنکەی مۆسادی ئیسرائیل".

ئەعرەجی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەرکی لێکۆڵێنەوەی لە هێرشەکە پێسپێردراوە گوتی "هەموو ماڵەکەمان بینیوە و بۆمان ڕوون بووەتەوە، ئەمە خانووی بازرگانێکی مەدەنییە و ئەو پڕوپاگەندانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە گوایە بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیلی کراوەتە ئامانج، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەڵوێستێکی ڕوونمان لە ئاست ڕووداوێکی وەهادا دەبێت."

XS
SM
MD
LG