Accessibility links

کۆشکی سپی: لە کۆبوونەوەی نێوان سولیڤان و بارزانی، سولیڤان بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێری کردووە


جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری جیهان لە داڤۆسی سویسرا چاوی بە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کەوت.

لەڕاگەیەندراوێکدا کۆشکی سپی دەڵێت " سولیڤان بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییە بالیستیکییە شەڕانگێزییەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند بۆ گیانلەدەستدانی تراژیدیای چوار کەسی سڤیل لەم هێرشانە، لە ناویاندا منداڵێکی کەمتر لە یەک ساڵ."

کۆشکی سپی دەشڵێت سولیڤان و بارزانی هەروەها باسیان لە گرنگی "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی شایستە داراییەکان لە عێراقی فیدراڵیەوە بۆ هەرێمی کوردستان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و بژێوی لە هەرێم."

جەیک سولیڤان سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هاوبەشی بەهێزی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و پشتیوانی ئەمەریکاشی دووپاتکردەوە.

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانوی بوونی بنکەی مۆساد لە هەولێر، هێرشی مووشەکی کردە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە ئەجامدا 4 کەسی سڤیل کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

ئەم هێرشە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقەوە سەرکۆنە کراوە و چەندین وڵاتانی جیهانیش هێرشەکەیان شەرمەزار کردووە.

XS
SM
MD
LG