Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: سەبارەت بە هێرشەکانی حوسییەکان "پەیامێکی تایبەت"مان بۆ ئێران نارد


سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 13ی مانگی یەک ڕایگەیاند ئەمەریکا " پەیامێکی تایبەتی " بۆ ئێران ناردووە سەبارەت بە حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

جۆو بایدن، پێش ئەوەی بەرەو کامپی دەیڤد، شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بڕوات، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئێمە پەیامەکەمان بە شێوەیەکی تایبەتی ناردووە و دڵنیاین کە بە تەواوی ئامادەکاریمان کردووە ".

دوای ئەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ئەگەر حوسییەکان بەردەوام بن لە هەڵسوکەوتی تێکدەرانەیان لە دەریای سوور و هەڕەشە لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی و بازرگانی جیهانی بکەن، ئەوا دڵنیابن کە ئێمە جارێکی دیکە وەڵامیان دەدەینەوە، سوپای ئەمەریکا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە پێگەکانی ئەو گرووپەی لە یەمەن بۆ جاری دووهەم کردەوە ئامانج .

کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەی سەر بە بزووتنەوەی حوسییەکان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا و بەریتانیا بە هێرشەکانیان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کردووەتە ئامانج.

بەڵام چەند خولەکێک دواتر سی ئێن ئێن ڕایگەیاند کە ئەم خولەی هێرشەکان تەنها لەلایەن ئەمەریکاوە ئەنجامدراوە و بەبێ ئامادەبوونی هاوپەیمانەکانی تری ئەمەریکا ئەنجامدراوە. سی ئین ئین لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند کە لانیکەم ناوەندێکی ڕادار کە حوسییەکان بەکاریان هێناوە، لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممەدا کراوەتە ئامانج.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری سوپای ئەمەریکاوە هێرشەکەی بۆ سەر بنکەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم بنکەیە شوێنێکی ڕادارە کە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەخاتە مەترسییەوە.

هەندێک سەرچاوەی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە لایەن یەکێک لە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمەریکاوە ئەنجام دراوە کە لە دەریای سووردا جێگیر بووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئەمەریکا بە بەشداریی بەریتانیا و بە پاڵپشتی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشی کردە سەر لانیکەم 30 پێگە کە حوسییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەندا بەکاریان دەهێنن.

جۆو بایدن ڕایگەیاند کە ئامانج لە هێرشەکانی بەیانی هەینی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان " دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوییەکانی جیهان " بووە و گوتیشی " ئەم هێرشانە وەڵامێکی ڕاستەوخۆن بۆ هێرشە بێوێنەکانی حوسییەکان لە دژی کەشتییە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی دژە کەشتی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە دەریای سوور."

وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە توانای حوسییەکان دوای هێرشەکانی بەیانی هەینی بۆ سەریان " لاواز بووە " و توانای دووبارەکردنەوەی هێرشی دیکە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نەماوە.

دوای هێرشەکانی ڕۆژی هەینی، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەیاننامەی جیاوازیان بڵاوکردەوە، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ هێرشە یەکگرتووەکان دژی حوسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند، هەروەها جەختیان لەسەر گۆڕینی ستراتیژی حکومەتی ئەمەریکا کردەوە لە دژی تیرۆری جیهانی و کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا بە حوسییەکان و کۆماری ئیسلامی کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور " دەرئەنجامی قورسی " دەبێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG