ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممەی کردە ڕۆژی ماتەمینی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی لانیکەم 84 کەس کە لە دوو تەقینەوەدا گیانیان لەدەستدا لە کاتی مەڕاسیمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانی لە گۆڕستانێکی کرمان.
ژمارەی کوژراوەکان کەپێشتر بە 103 کەس ڕاگەیەندرابوو کەمتربووەتەوە، ڕۆژێک دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران هێرشەکەیان بە "هێرشێکی تیرۆریستی" ناودێر کرد.
لەو هێرشەی کە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمان باشووری ئێران ڕوویدا دەیان کەسیش بریندار بوون.
هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی لەمەڕ ئەو هێرشانە لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاکێشا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئاماژە هیچ کەس بکات، " بەدکار و دوژمنی تاوانکاری" وڵاتەکەی بە هۆکاری ئەو هێرشە زانی و بەڵێنی دا " وەڵامێکی توند"یان هەبێت.
محەممەد جەمشیدی، جێگری سیاسی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند "بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە لە ئەستۆی ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنیستی (ئیسرائیلی)دایە و تیرۆر تەنها ئامرازێکە".
ئەمەریکا ئەو بۆچوونانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئیسرائیلی هاوپەیمانی یان خودی واشنتن لە پشت تەقینەوە کوشندەکانی ئێرانەوە بوون لەسەر گۆڕی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسداران کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە عێراق کوژرا. ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە.
ماثیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا "ڕایگەیاند ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە و هەر بۆچوونێکی پێچەوانەی ئەمە، شتێکی بێمانایە."
گوتیشی "هیچ هۆکارێکمان نییە تا باوەڕبکەین ئیسرائیل دەستی لەم تەقینەوەیەدا هەبووبێت."
قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق کوژرا.
سەرچاوە: فرانس پرێس