ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ئەو بۆچوونانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئیسرائیلی هاوپەیمانی یان خودی واشنتن لە پشت تەقینەوە کوشندەکانی ئێرانەوە بوون لەسەر گۆڕی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسداران کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە عێراق کوژرا.
ماثیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا "ڕایگەیاند ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە و هەر بۆچوونێکی پێچەوانەی ئەمە، شتێکی بێمانایە."
گوتیشی "هیچ هۆکارێکمان نییە تا باوەڕبکەین ئیسرائیل دەستی لەم تەقینەوەیەدا هەبووبێت."
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو، لانیکەم 103 کەس لە ئێراندا کوژران و دەیان کەسی تریش بریندار بوون، لە کاتێکدا مەڕاسیمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانی لە گۆڕستانێکی کرمان بەڕێوە دەچوو.
ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، " بەدکار و دوژمنی تاوانکاری" وڵاتەکەی بە هۆکاری ئەو هێرشە زانی و بەڵێنی دا " وەڵامێکی توند"یان هەبێت.
ئەم دوو تەقینەوەیە کە لەلایەن میدیای دەوڵەتی و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە بە "هێرشی تیرۆریستی" ناوزەد کراوە، لە کاتێکدایە کە گرژیی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندوو سەرکردەیەکی باڵای حەماسیش ڕۆژی سێشەممە لە لوبنان کوژراوە.