کاربەدەستانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند لە دوو تەقینەوە کە بەهۆی "هێرشی تیرۆریستی"ەوە ڕوویانداوە، لە ڕێوڕەسمێکی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا، لە ئێران زیاتر لە 70 کەس کوژراون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.
قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق کوژرا.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران تەقینەوەکانی لە میانی بۆنەیەکی ساڵڕۆژی سولەیمانیدا ڕاگەیاند لە گوڕستانی شاری کرمانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
میدیای دەوڵەتی لە زاری بەرپرسێکی خۆجێیی پارێزگای کرمانەوە ڕایگەیاند " تەقینەوەکان بەهۆی هێرشی تیرۆریستییەوە بوون."
بابەک یەکتاپەرەست، وتەبێژی دەزگای فریاکەوتنی ئێران ڕاگەیاندووە 73 کەس کوژراون و 170 کەسیش بریندار بوون.
پێشتر ڕۆژنامەی نورنیوزی نیمچە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە "چەند بوتڵی غاز لەسەر ڕێگای بەرەو گۆڕستانەکە تەقیوەتەوە".
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی دیمەنەکانی تیمەکانی بەهاناچوونی مانگی سوور نیشان دەدات کە لەگەڵ بریندارەکاندا بوون لەو شوێنەی کە بە سەدان ئێرانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سولەیمانی کۆبوونەتەوە.
بەشێک لە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران ڕایانگەیاندووە، ژمارەی بریندارەکان زۆر زیاترە. ڕەزا فەلاح، بەرپرسی مانگی سووری پارێزگای کرمان بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند، "تیمەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرامان بریندارەکان دەگوازنەوە، بەڵام قەرەباڵغیەکی زۆر بووە بەهۆی داخستنی ڕێگاکان ."