Accessibility links

لە بڕیارێکی مێژووییدا دادگای باڵای کۆلۆرادۆ بەربژێرێتی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکەدا ڕەتدەکاتەوە


دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆراداۆ ڕۆژی سێشەممە ناوی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای لە لیستی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی لە دەنگدانی بەرایی ویلایەتەکە دەرکرد بەپێی بڕگەی سێی دەستور لەمەڕ یاخبوون. شیانی هەیە بابەتەکە بگاتە دادگای باڵا و لەوێ مشتوڕێک بهێنێتە ئاراوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو بەربژێرەی کە پێشەنگی کۆمارییەکانە بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە دەتوانێت لە پێشبڕکێکە بمێنیتەوە یان نا.

بڕیاری ئەم دادگایەی کۆلۆرادۆ کە دادوەرەکانی هەموویان لەلایەن فەرمانڕەوا دیموکراتەکانەوە دەستنیشانکراون، یەکەمجارە لە مێژوودا کە بڕگەی سێهەمی دەستوری ئەمەریکا بەکاربهێنرێت بۆ ڕەتکردنەوەی کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

دادگاکە لە بڕیارەکەی کە بە کۆی دەنگی 4 دادوەر بەرامبەر بە 3 دادوەر پەسەند کرا نوسیویەتی" زۆرینەی دادگا پێیان وایە کە ترامپ بەپێی بڕگەی سێیەمی دەستور خۆ کاندیدکردنی ڕەتکراوەتەوە."

دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ بڕیارێکی دادوەری دادگایەکی ناوچەیی کۆلۆرادۆی هەڵوەشاندەوە کە جەختیکردبووەوە لەوەی بڕگەی سێهەمی دەستور کە باسی لێوە دەکرێت بە ڕوونی باس لە سنووردارکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ناکات یان ناگرێتەوە، هەرچەندە وەک دەڵێن بۆی دەرکەوتبوو ترامپ هاندەری یاخیبوون بووە بەهۆی ئەو ڕۆڵەی بینیویەتی لە هێرشەکەی 6ی مانگی یەکی 2021 بۆ سەر کۆنگرێس.

دادگا بڕیارەکەی هەتا 4ی مانگی یەک ڕاگرت، یان هەتا ئەو کاتەی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەدات. بەرپرسانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەڵێن دەبێت هەتا 5ی مانگی یەک ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، کە دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە لیستی هەڵبژاردنی بەرایی لە ویلایەتەکەدا.

دادگاکە لە بڕیارەکەیدا بە زۆرینەی دەنگی دادوەران نووسیویەتی "ئێمە بە ئاسانی نەگەیشتوینەتە ئەم دەرەنجامە، ئێمە ئاگاداری گەورەیی و قورسایی ئەو پرسیارانەین کە ئێستا لە بەردەمماندان. ئێمە بە هەمان شێوە ئاگاداری ئەرکی ڕێزلێنانی خۆمانین بۆ جێبەجێکردنی یاسا، بەبێ ترس و ڕەزامەندی، و بەبێ ئەوەی لە ژێر کاریگەری ڕای گشتی بجوڵێین گەیشتووینەتە ئەم ئەنجامە."

پارێزەرانی ترامپ پێشتر بەڵێنیان داوە دەستبەجێ داوای پێداچوونەوە لەسەر هەر بڕیارێکی ڕەتکردنەوەی ترامپ لە دادگای باڵای وڵات تۆمار بکەن، کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بابەتە دەستوورییەکان دەدات.

ئالینا حەببە، وتەبێژی یاسایی ترامپ شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" ئەم بڕیارەی کە لەلایەن دادگای باڵای کۆلۆرادۆوە دەرچووە، هێرش دەکاتە سەر بنەمای دیموکراسی ئەم وڵاتە، ئەمە قبوڵ ناکرێت و دادگای باڵا ئەم فەرمانە نادەستوورییە پێچەوانە دەکاتەوە."

ترامپ لە میانی گردبوونەوەیەکدا ئێوارەی سێشەممە لە شاری واتەروی ویلایەتی ئایۆوا باسی ئەو بڕیارەی نەکرد، بەڵام هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ئیمەیڵێکی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی نارد و ئاماژەی بەو بڕیارە کرد کە ناوی لێنا "حوکمێکی ستەمکارانە".

ڕۆنا ماکدانیل سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی کۆمارییەکان بڕیارەکەی بە "دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا" ناوبرد و ڕایگەیاند تیمی یاسایی RNC بەنیازە یارمەتی ترامپ بدات لە بەرەنگاربوونەوەی بڕیارەکەدا.

ترامپ لە ساڵی 2020دا بە ڕێژەی جیاوازی 13 خاڵ لە کۆلۆرادۆ دۆڕا و پێویستی بەو ویلایەتە نییە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بەڵام مەترسی بۆ سەرۆکی پێشوو ئەوەیە کە دادگا و بەرپرسانی هەڵبژارد لە شوێنی زیاتر ڕێبازی کۆلۆرادۆ بگرنەبەر و ترامپ لەو ویلایەتانە دوور بخەنەوە کە پێویستی بەوەیە سەرکەوتنیان تێدا بەدەستبهێنێت.

دەیان سکاڵای یاسایی لەسەر ئاستی نیشتمانی تۆمارکراون بۆ دوورخستنەوەی ترامپ بەپێی بڕگەی سێهەم، کە ئەو بڕگەیە بۆ ئەوە دانرابوو کۆنفیدڕاڵەکانی پێشوو لە دوای شەڕی ناوخۆ نەگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت. هەر کەسێک سوێندی "پشتیوانی" لە دەستوور بخوات و دواتر "دەستی لەکاری یاخیبون و سەرهەڵداندا" بێت لە پۆستەکەی قەدەغە دەکرێت و لە دوای شەڕی ناوخۆوە ئەم بڕگەیە چەند جارێکی کەم بەکارهاتووە.

دێریک مۆلەر، مامۆستای یاسای نۆتردام کە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کەیسەکانی بڕگەی سێهەم لە هەمواری چواردەی دەستووریدا کردووە، دوای بڕیارەکەی سێشەممە وتی "پێموایە ڕەنگە دادگاکانی دیکەی ویلایەتەکان هان بدات بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن. ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر کاندیدبوونی ترامپ".

دۆسیەی کۆلۆرادۆ یەکەم دۆسیەیە کە داواکاران سەرکەوتوو بوون. دوای دانیشتنێکی یەک هەفتەیی لە مانگی یازدەدا، دادوەری ناوچەکە سارا واڵاس بۆی دەرکەوت کە ترامپ بە ڕاستی "دەستی لە یاخبووندا هەبووە" بە هاندانی هێرشەکەی 6 مانگی یەک بۆ سەر کۆنگرێس. بڕیارەکەی کە ئەوی لە پێشبڕکێکەدا هێشتەوە، بڕیارێکی هەتا ڕادەیەک تەکنیکی بوو.

پارێزەرانی ترامپ واڵاسیان قەناعەت پێکرد کە، بڕگەی سێهەم ئاماژەیە بۆ "ئەفسەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا" کە سوێند دەخۆن بۆ "پشتیوانیکردن" لە دەستوور، نابێت ئەوە سەرۆک کۆمار بگرێتەوە.

هەروەها لە بڕگەکەدا هاتووە ئەو پۆستانەی دەیانگرێتەوە بریتین لە سیناتۆر، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵبژێرەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و هەموو ئەوانی دیکە "لە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکا"، بەڵام ناوی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی تێدا نەهاتووە، بەڵام دادگای باڵای ویلایەتەکە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕا نەبوو.

زۆرینەی دادگاکە دەڵێت "سەرۆک ترامپ داوامان لێدەکات بڵێین کە بڕگەی سێهەم هەموو یاخیبوویەکی سوێند شکێن بگرێتەوە جگە لە بەهێزترین دەسەڵات، و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەموو پۆستێک، چ ویلایەتەکان و چ لە حکومەتی فیدراڵ، جگە لە بەرزترین پۆستی وڵاتەکەدا."

ئەو گرووپی هاووڵاتیان بۆ بەرپرسیارێتی و ئەخلاق لە واشنتن کە بەلای چەپەکاندا دەچێت و دۆسێی کۆلۆرادۆی هێنایە ئاراوە، ستایشی بڕیارەکە دەکات.

نەوا بووکبایندەر، سەرۆکی گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "دەستوورەکەمان بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی سوێندەکەیان پێشێل دەکەن بە هێرشکردنە سەر دیموکراسیی ئێمە، لە خزمەتکردن لە حکومەتدا قەدەغە دەکرێن".

پارێزەرانی ترامپ داواشیان لە دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ کردبوو کە بڕیارەکەی واڵاس پێچەوانە بکاتەوە سەبارەت بەوەی ترامپ هاندەر بووە بۆ هێرشەکەی 6ی مانگی یەک. پارێزەرەکانی ڕایانگەیاند سەرۆکی ئەو کات تەنها مافی خۆی بۆ ئازادی ڕادەربڕین بەکارهێناوە و داوای توندوتیژی نەکردووە. هەروەها سکۆت گیسلەر پارێزەری ترامپ ئاماژەی بەوەکرد کە هێرشەکە زیاتر "ئاژاوە" بووە نەک یاخیبوون. ئەمەش لەلایەن چەندین دادوەرەوە گومانی لەسەرە.

دادوەر ویلیەم هوودی سێهەم لە کاتی مشتومڕەکان لەسەر رووداوەکەی 6ی مانگی یەک گوتی "بۆچی ئەمە بەس نەبێت کە کۆمەڵێکی توندوتیژ بچنە ناو کۆنگرێسەوە لە کاتێکدا کۆنگرێس ئەرکێکی سەرەکی دەستووری ئەنجام دەدا؟" گوتیشی"لە هەندێک ڕووەوە ئەمە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە."

لە بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممەدا، زۆرینەی دادگا ئەو مشتومڕەیان ڕەتکردەوە کە گوایە ترامپ بەرپرسیار نییە لە هێرشە توندوتیژەکانی لایەنگرانی، کە مەبەست لێی ڕاگرتنی بە فەرمی ناساندنی ئەنجامەکانی دەنگدانی سەرۆکایەتی بوو. ئەوان نووسیویانە "پاشان سەرۆک ترامپ وتارێکی پێشکەشکرد کە تێیدا ڕێک داوا لە لایەنگرانی دەکات بچن بۆ کۆنگرێس شەڕ بکەن."

دادوەرەکانی دادگای باڵای کۆلۆرادۆ ڕیچارد ئێڵ گابرێل، مێلیسا هارت، مۆنیکا مارکێز و هوود بریاریان بۆ داواکاران دا. سەرۆکی دادگاکە برایان دی بۆتڕایت لەگەڵ ئەوەدا نەبوو و گوتی پرسیارە دەستوورییەکان زۆر ئاڵۆزن و ناتوانرێت لە دانیشتنێکی ئاستی ویلایەتدا چارەسەر بکرێن. هەروەها دادوەرەکان ماریا بێرکنکۆتەر و کارلۆس سامۆر ناڕەزایەتییان دەربڕی.

سامۆر لە ناڕەزایەتییەکەیدا نووسیویەتی "حکومەتەکەمان ناتوانێت مافی وەرگرتنی پۆستی گشتی لە کەسێک زەوتبکات بەبێ پرۆسەی یاسایی". هەروەها نووسیویشێتی "تەنانەت ئەگەر قەناعەتمان هەبێت کە کاندیدێک لە ڕابردوودا کردەوەی ترسناکی ئەنجامداوە، یان خەریکی هاندانی یاخیبوون بووە، دەبێت بە ڕێکارەکانی پرۆسەی یاساییدا تێپەڕێت پێش ئەوەی بتوانین ئەو کەسە لە پۆستی گشتی بێبەشبکەین."

بڕیارەکەی ویلایەتی کۆلۆرادۆ پێچەوانەی بڕیارێکی دادگای باڵای ویلایەتی میناسۆتایە کە لە مانگی ڕابردوودا بڕیاری دا کە هەر حزبێک لە ویلایەتەکە دەتوانێت هەر کەسێکی بیەوێت بخاتە سەر لیستی دەنگدانی هەڵبژاردنی بەرایی. داواکارییەکی یاسایی بڕگەی سێهەمی ڕەتکردەوە بەڵام ڕایگەیاندووە کە داواکاران دەتوانن لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکاندا هەوڵی دووبارە بدەنەوە.

لە دۆسیەیەکی دیکەی بەندی 14ی دەستووریدا دادوەرێکی ویلایەتی میشیگان بڕیاری دا کە دەبێت کۆنگرێس نەک دەسەڵاتی دادوەری بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئایا ترامپ دەتوانێت لە دەنگدانەکە بمێنێتەوە یان نا. داوای پێداچوونەوە بۆ ئەو بڕیارە دەکرێت. هەروەها ئەو گروپە لیبڕاڵەی ئازادی قسەکردن بۆ خەڵک، کە لە پشت ئەم دۆسێیانەوەیە سکاڵایەکی دیکەی لە ویلایەتی ئۆرگەن تۆمارکرد و هەوڵیان دا ترامپ لە لیستی هەڵبژاردنەکانی ئەوێ دەربهێندرێت.

هەردوو گروپەکە لەلایەن بەخشەرە لیبڕاڵەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت کە پشتگیری لە سەرۆک جۆو بایدنیش دەکەن. ترامپ سەرۆکی بۆ سکاڵا یاساییەکانی دژی ئەو تۆمەتبار کردووە، هەرچەندە بایدن دەڵێت هیچ ڕۆڵێکی لەمەدا نییە، بەڵکو ڕکابەرەکەی "دەستوور دەشێوێنێت" بۆ ئەوەی هەوڵی کۆتاییهێنان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بدات.

هاوپەیمانەکانی ترامپ دەستبەجێ بەرگرییان لێکرد و بڕیارەکەیان بە "نائەمەریکایی" و "بێمانا" و بەشێک لە هەوڵی فشاری سیاسی بۆ لەناوبردنی کاندیدبوونەکەی لەقەڵەمیان دا.

ئیلیس ستیفانیک، سەرۆکی کۆنفرانسی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "چوار کارمەندی پارتی دیموکرات لە دادگای باڵای کۆلۆرادۆ پێیان وایە دەگەنە ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی بۆ هەموو خەڵکی کۆلۆرادۆ و ئەمەریکاییەکان بدەن".

سەرچاوە: ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG