Accessibility links

بەرپرسێکی ئاسایشی عێراقی: هەندێک لەوانەی دەستیان لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هەبووە پەیوەندییان بە دەزگا ئاسایشییەکانەوە هەیە


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت ، ئەو هێرشانەی لە حەوتی مانگی 12ی کرانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەندێک لەباڵەخانە حکومییەکان لە عێراق دەستدرێژییەکە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق. دەشڵێت ناکرێ بێدەنگی و چاوپۆشی لەو جۆرە هێرشانە بکرێت.

لیوا یەحیا ڕەسووڵ ڕۆژی پێنجشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند " دەزگا ئاسایشییەکان توانیان، دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و تەکنیکی، ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستنیشان بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەداخەوە هەندێکیان پەیوەندییان بە هەنێک لە دەزگا ئاسایشییەکانەوە هەیە."

هەروەها دەشڵێت " دوای دەرکردنی بڕیاری دادوەر بۆ پشکنین و دەستگیرکردن، دەزگا ئەمنییەکان توانیان ژمارەیەکیان دەستگیر بکەن، هەوڵەکانی گەڕان و پشکنینیش بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هەموو ئەوانەی بەشدارییان لەم هێرشەدا کردووە، تا بخرێنە بەردەم دادگا و بە سزای ڕەوای خۆیان بگەن."

لیوا یەحیا ڕەسوڵ باسی لەوەش کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە ئەوانەش بدۆزنەوە کە یارمەتیی ئەنجامدەرانیان داوە لە چۆنیەتی گەیشتن بە شوێنەکان و گەڕانەوەیان لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا.

هەرچەندە ئەو بەرپرسە ئاسایشییەی عێراق باسی لەوە نەکرد چەند کەس دەستگیرکراون، بەڵام کاربەدەستێکی ئاسایشی بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە ئەوانەی کە دەستگیرکراون ژمارەیان 13 کەسە کە بریتین لە ئەندامانی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیش.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای هەفتەیەکە لە هێرشەکەی بەرەبەیانی حەوتی مانگی 12ی 2023یە کە ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا کرا.

هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، هەروەها دەستبەجێش لەلایەن هیچ کەس و لایەنێکەوە بەرپرسیارێتی ڕانەگەیەندرا، بەڵام ئەمەریکا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بۆ ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد و داوای لە حکومەتی عێراقی کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە دەستپێبکات.

محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێرشەکەی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناودێر کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هەژماری خۆی تەنها بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئێکس (تویتەر) ڕایگەیاند " سەرۆک وەزیر محەمەد شیاع ئەلسودانی جەختی کردووەتەوە لەوەی بە ئامانجکردنی ئەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییانەی بە یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پارێزبەندییان هەیە، زیان بە سەقامگیری عێراق دەگەێنێت و ناوبانگی وڵاتەکە لەکەدار دەکات، وە بێ هیچ چەند و چونێک کردەوەی تێرۆرستین."

XS
SM
MD
LG