Accessibility links

چاودێرێکی سیاسی: شیعەکان وەکو پێگەی ئەمەریکا لەهەولێر دەڕوانن بۆیە موشەک بارانی دەکەن


گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چڕتر کردۆتەوە، چاودێرانیش پێیانوایە هۆکاری بە ئامانج گرتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو گروپانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەولێر وەکو پێگەیەکی ئەمەریکا دەبینن.

لە ڕۆژی 17 ی مانگی 10ەوە، گروپە شیعەکان چەندین هێرشی درۆنییان کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە شاری هەولێر، دوا هێرشی ئەو گروپانە ئێوارەی ڕۆژی هەینی بوو، کە بەچەند درۆنێک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و درۆنێکی بۆمبڕێژکراویش باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانیان لەشاری هەولێر کردە ئامانج. بە پێی ڕاگەیەنراوی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گروپە شیعەکان وەکو پێگەی ئەمەریکا لە شاری هەولێر دەڕوانن بۆیە موشەک بارانی دەکەن."

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە ڕۆژی 17 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە، 78 هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سوریاو بەو هۆیەوە 66 کەس برینداربوون.

گروپە شیعەکان زۆربەی هێرشەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریری شاری هەولێرو بنکەی سەربازی عەینولئەسەدی پارێزگای ئەنبار بووە، کە دوو ناوچەی کوردی و سونەنشینی عێراق و هەرێمی کوردستانن.

گروپە شیعەکانی نزیک لە ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئاراستەی هێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا گۆڕی و بەدوو موشەک بۆردومانیانکرد، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای بە "تیرۆرستی" ناوبرد، ئێوارەی ڕۆژی هەینی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیش لە شاری بەغدا موشەک بارانکرا.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشەکەی سەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە پێشهاتێکی "سەیر"وەسفکرد و هێرشەکەی بە "تەحەداکردنی" سودانی لەلایەن گروپە شیعەکانەوە لێکدایەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، محەمەد شیاع سودانی و لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی و کۆمەلەی نوجەبائی بە بەرپرسیاری هێرشەکان زانیووە.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، لە بارەی هێرشی بەردەوامی گروپە شیعەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکان کاردانەوەن بۆ ئەو هێرشانەی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق دەیکاتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00
XS
SM
MD
LG