Accessibility links

سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە هێرشێکی تیرۆریستی ناودێر دەکات


گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەیانی ڕۆژی هەینی بە ڕێگەی دوو موشەکەوە هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

گوتەبێژەکە هەروەها ڕایگەیاندووە پێدەچێت هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق ئەنجامدرابێت و داوای لە حکومەتی عێراقیش کرد کارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی لەو وڵاتدا بپارێزێت.

هیچ گروپێک تاکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتوەتە ئەستۆ. بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی کە ناوەکەی نەهێنراوە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 4:20 خولەکی بەیانی بە کاتی عێراق ئەنجامدراوە و "سێ موشەکی کاتیۆشا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز هەڵدراوە کە لە نزیک ڕووباری دیجلە کەوتونەتەوە خوارەوە".

محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناودێر کردووە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هەژماری خۆی تەنها بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئێکس (تویتەر) نووسیویەتی سەرۆک وەزیر محەمەد شیاع ئەلسودانی جەختی کردوەتەوە لەوەی بە ئامانجکردنی ئەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییانەی بە یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پارێزبەندییان هەیە، زیان بە سەقامگیری عێراق دەگەێنێت و ناوبانگی وڵاتەکە لەکەدار دەکات، وە بێ هیچ چەند و چونێک کردەوەی تێرۆرستین.

هەروەها ، گوتەبێژی سوپای عێراق ڕایگەیاندوە ئەلسودانی فەرمانی بە بەرپرسانی ئاسایشی عێراق کردووە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستگیر بکەن و بیانخەنە بەردەم دادگا.

گوتەبێژی سوپای عێراق گوتیشی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە "هیچ پاساوێک بۆ بە ئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان جێگای قەبووڵکردن نییە و سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و گوتویەتی "ئەم گرووپە نایاساییانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل و هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بن و گرتنەبەری هەنگاو دژی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی عێراق و بەئامانجگرتنی شوێنە ئاسایشییەکان کە بە یاسا و ڕێککەوتن و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پارێزراون، کردەوەیەکی تیرۆریستیە."

شایانی باسە کە چەند ڕۆژی پێش ئێستا ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لێکردووە ئەو وڵاتە ئەو بنکە سەربازییانە بپارێزێت کە هێزە ئەمەریکایی و نێودەوڵەتییەکانی تێدا جێگیرکراون و سودانیش لە وەڵامدا گوتبووی حکومەتی عێراق پابەندە بە " دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق."

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە و لە دوو مانگی ڕابردوودا، بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق چەندین جار بە ڕێگەی موشەکی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سوریا لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپی داعش هێشتوەتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/فرانس پرێس/تۆڕی ئیکس

XS
SM
MD
LG