سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک، ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی وڵاتەکەی کرد کە لە پشت پلانەکەیەوە یەکبگرن بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا، دوای ناکۆکییەک کە جارێکی دیکە دووبەرەکی قووڵی لە پارتەکەیدا ئاشکرا کردەوە.
سوناک ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری دەبێتەوە بۆ ماوەی ساڵێکی سەرۆکایەتییەکەی، لەکاتێکدا هەوڵدەدات یاسادانەرانی باڵی ڕاستی پارتەکە ڕابگرێت لە یاخیبوونیان لەسەر داواکارییەکەیان کە بەریتانیا پێویستە دەستبەرداری پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت لەپێناو دانانی سیاسەتی کۆچبەری خۆی.
ڕۆژی چوارشەممە وەزیری کۆچبەران دەستی لەکارکێشایەوە و هاوکات ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبێتەوە کە ئایا دەتوانێت لە ڕێگەی دەنگدان لە پەرلەمانەوە سیاسەتی سەرەکی خۆی بەدەستبهێنێت.
هەندێک لە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، سوناک دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەرکردایەتی ببێتەوە لەگەڵ پارتەکەیدا کە لە ڕاپرسییەکاندا زۆر لە دواوەیە، پێش هەڵبژاردنێک کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوناک وتی یاساکە نزیکەی هەموو ڕەخنەکانی هاوکارەکانی ڕازی دەکات، بەڵام ئەگەر حکومەت لەوە زیاتر هەنگاوبنێت لە پشتگوێخستنی یاسای مافەکانی مرۆڤ، ئەوا ڕواندا دەستبەرداری ڕێکەوتنەکە دەبێت.
وتیشی "ئەوە تاکە ڕێبازە، چونکە ئەگەر لەمە زیاتر بڕۆین جیاوازییەکە تەنها ئینجێکە، بەڵام زیاتر لەمە ڕۆیشتن بەو مانایەیە دێت کە ڕواندا پلانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و دواتر هیچ شوێنێکمان نامێنێت بۆ ناردنی کەس".
هەرچەندە سوناک وتیشی پێویستە پڕۆژە یاساکە کۆتایی بە مشتومڕی یاسایی لەسەر سیاسەتەکە بهێنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن پێدەچێت ڕووبەڕووی ئاڵنگاری زیاتری دادگا ببێتەوە، ئەمەش گومانی خسووەتە سەر ئامانجەکەی بۆ ئەوەی تا بەهار گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکات بۆ ڕواندا، ئەمەش یەکەم جار لە دوای دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی سیاسەتەکە.
ڕەشنووسی یاساکە دوای سێ هەفتە دێت لە بڕیارەکەی دادگای باڵای بەریتانیا کە ڕواندا شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووکەوە دەگەنە کەنارەکانی باشووری ئینگلتەرا، هەروەها پلانەکە پێشێلکردنی یاساکانی بەریتانیا و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
پلانی ڕواندا لە ناوەندی ستراتیژییەتی حکومەتدایە بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی. بڕیارەکەی دادگا پاشەکشەیەکی گەورەی بۆ سوناک دروستکرد کە لە کۆششدایە بۆ بوژاندنەوەی ئابوورییەکی لاواز و هاوکات لە ڕاپرسییەکانیشدا لە دوای پارتی کرێکاری سەرەکی ئۆپۆزسیۆنەوەیە.
پڕۆژە یاساکە ڕۆژی پێنجشەممە پێشکەش بە ئەنجومەنە گشتییەکان کرا و بڕیارە لە 12ی مانگی 12 یەکەم دەنگدان لەسەر یاساکە بکرێت.
بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی پارتی پارێزگاران دەڵێن بۆ یەکەمجار لەوەتەی سوناک ساڵێک لەمەوبەر هاتۆتە پۆستەکەیەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەرکردایەتی ببێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو هۆکارێک ڕادەگرێت کە تا ئێستا بۆ ڕێگریکردن لە گەشتەکان بۆ ڕواندا بەکارهێنراون. بڕیاربوو هاوینی ڕابردوو یەکەم گەشت ئەنجام بدرێت بۆ ڕواندا بەڵام لە دوایین ساتدا بەهۆی ئاڵناگاریی یاساییەوە هەڵوەشایەوە.
سوناک دەشڵێت: "دەمەوێت کارەکە تەواو بکەم و تەواوکردنی کارەکەش واتە جێگیرکردنی ئەم یاسایە لەسەر کتێبی یاساکان". "من بڕیارم داوە ئەمە بە تەواوی ببینم."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز