وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ ڕواندادا واژۆ کرد، لە هەوڵێکدا بۆ زاڵبوون بەسەر بڕیاری دادگایەکدا بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتە مشتومڕ لەسەرەکەی حکومەتی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندای ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا.
پلانی ڕواندا یەکێکە لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی حکومەتی بەڕیتانیا بۆ کەمکردنەوەی کۆچ بۆ وڵاتەکە و لە نزیکەوە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە چاودێری دەکرێت کە بیرییان لە گرتنەبەری ئەو جۆرە ڕێوشوێنە کردووەتەوە.
مانگی ڕابردوو دادگای باڵای بەڕیتانیا بڕیاریدا ئەو جۆرە هەنگاوە ' ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا ' یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات کە لە یاساکانی ناوخۆدا جێگیرکراون.
لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا هاتووە کە ڕواندا ئەو پەنابەرانە ڕەوانەی ئەو وڵاتانە ناکاتەوە کە تێیاندا مەترسی لەسەر ژیان و ئازادییان دروست ببێت، کە ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دادگای باڵای بەڕیتانیا.
هەروەها لیژنەیەکی چاودێری دەبێت بۆ ئەوەی پەنابەران بتوانن سکاڵای نهێنی خۆیان ڕاستەوخۆ بۆ لیژنەکە بنێرن و دەستەیەکی نوێی تانەدان پێکهێندراوە کە لە دادوەرەکانی سەرانسەری جیهان پێکهاتووە.
کلێڤەرلی وتی ئێستا " هیچ هۆکارێک " نیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە گەشتەکانی ڕەوانەکردنی پەنابەران، چونکە لە ڕێککەوتنەکەدا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو پرسانەدا کراوە کە دادگای باڵا باسی لێوەکردوون و هیچ پارەیەکی دیکەش نەدراوە بە ڕواندا تاوەکو ڕێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە.
کلێڤەرلی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیگالی پایتەختی ڕواندا وتی " بە ڕاستی هیوادارم ئێستا بتوانین بە خێرایی بجوڵێین."
زۆرێک لە پارێزەران و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن پێناچێت گەشتەکانی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچن. پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا کە پێشەنگە لە ڕاپرسییەکاندا، پلانی هەیە سیاسەتی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا پشتگوێ بخات.
بەپێی ئەو پلانەی کە ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنی لەسەر کرا، بەڕیتانیا بە نیازە هەزاران کەس لەو پەنابەرانەی کە بەبێ مۆڵەتی یاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەوە ڕەوانەی ڕواندایان بکات، ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە لەڕێی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، ڕواندا بڕی 140 ملیۆن پاوەندی وەکو بڕە پارەیەکی سەرەتا وەرگرتووە و بەڵێنی پێدراوە پارەی زیاتری بدرێتێ بۆ دابینکردنی پێویستییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەوانە کراون بۆ وڵاتەکە.
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ پچڕاندنی تۆڕی کۆچ، کە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک 745,000 کۆچبەر گەیشتنە بەڕیتانیا.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکە، کە پارە بە قاچاخچییەکان دەدەن تاوەکو بە بەلەمی بچووک بە کەناڵەکەدا بپەڕنەوە بۆ کەناراوەکانی بەڕیتانیا، زۆرجار ئەو بەلەمانە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرییان هەڵگرتووە بۆ دەریا ناشێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی پلانی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا، واژۆ دەکات
