Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر زیاتر لە 20 کەس و دامەزراوەی دابینکەری دارایی هێزە سەربازییەکانی ئێران


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 29ی مانگی یازدە ڕایگەیاند کە خولێکی نوێی سزاکانی بەسەر چەند کەس و کۆمپانیادا سەپاندووە کە دەستیان لە تۆڕێکی ئاسانکاری داراییدا هەیە بۆ یارمەتیدانی سوپای ئێران و هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە فەرمانگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا زیاتر لە 20 کەس و ڕێکخراوی بەهۆی بەشداریکردنیان لە کارئاسانی کردنیان لە بواری دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووەتە ئامانج.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێران بە ملیارەها دۆلاری لەڕێگەی فرۆشتنی کاڵاکانەوە دەستدەکەوێت بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا و هەروەها پاڵپشتیکردنی چەندین گروپی بە وەکالەتی ناوچەیی، لەنێویاندا حەماس و حزبوڵڵا".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەدا هاتووە "وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای قودسی ئەو وڵاتە، کۆمپانیاکان و کۆمەلێک دەڵاڵ کە بنکەکانیان لە دەرەوەی ئێرانە بەکاردەهێنن بۆ چالاکی بازرگانی نایاسایی."

برایەن نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی دەڵێت "هێزی قودسی سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەشداریکردن لە پلانە داراییە نایاساییەکان، پارەی ململانێکان و بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە سەرتاسەری ناوچەکە دابین دەکەن."

سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا شەش کەس و 16 کۆمپانیای ئێرانی و نێودەوڵەتی لە ئێران، ئیمارات، تورکمانستان، هیندستان، چین، کۆریای باکور و سەنگافور دەگرێتەوە و بەشێکی زۆریشیان ئەو کەسانەن کە لە کەرتی وزەدا چالاکن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا زانیاریی تەواوی سەبارەت بەوە دەستنەکەوتووە کە ئایا ئێران بە شێوەی راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئێسرائیل لە 7ی مانگی دەدا کردووە یان نا.

ئەمەریکا هەروەها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر کۆگاکانی چەکی ئێران لە سوریا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەیان هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG