ڕووسیای هاوپەیمانی سوریا ڕۆژی دووشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق شەرمەزار کرد و بە هەنگاوێکی تێکدەرانە و مەترسیدار وەسفی کرد.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە ڕەنگە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکەن، خۆی لە خۆیدا بەهۆی شەڕی غەززەوە ئاڵۆز بووە.
زاخارۆڤا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوایین هێرشی هاندەرانەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەیەکی گرنگی ژێرخانی مەدەنی سوریا بە توندی شەرمەزار دەکەین."
"ئێمە لەو باوەڕەداین کردارێکی لەو شێوەیە پڕە لە دەرئەنجامە زۆر مەترسیدارەکان، بە تایبەت لە چوارچێوەی شوێنێکدا بێت کە ململانێی توندی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانی لێێە و مەترسی زیادبوونی گرژیی ناوچەیی لێدەکەوێتەوە."
ڕووسیا لە ساڵی 2015 وە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتوانی بەشار ئەسەد دەکات، هاوکات پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی دیکەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەیە لەوانە ئێران و حەماس.
پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تێکچووە، چونکە مۆسکۆ چەندین جار تیشکی خستووەتە سەر ئازارەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە ژێر گەمارۆکانی ئیسرائیل، هەروەها میوانداری شاندی باڵای حەماسی کردووە.
سوپای سوریا و ڕۆژنامەیەکی لایەنگری حکومەتی سوریا ڕایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەی دیمەشقی لە کارخستووە و فڕۆکەکانی ناچارکرد لە شوێنێکی دیکە بنیشنەوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز