Accessibility links

دوو فڕۆکەخانەی سەرەکی سوریا، پاش مانگێک لە هێرشەکانی ئیسرائیل هێشتا داخراون


تۆڕێکی چاودێری جەنگی سوریا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەخانەی سەرەکی سوریا دوای مانگێک لە هێرشە هاوکاتەکانی ئیسرائیل هێشتا نەکراونەتەوە. ئەمەش درێژترین ماوەی داخستنی لەو جۆرەیە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دوو هێرشی ئیسرائیلی لە نزیک دیمەشقی پایتەخت ئەنجام دراون و گروپی حزبوڵای لوبنانی تێدا کراوەتە ئامانج کە هاوپەیمانی دیمەشقن .

گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب ڕاگیراون، لەو کاتەوەی کە هێرشەکانی 22ی مانگی دە زیانیان بە ڕێڕەوی فڕۆکەکان گەیاند.

ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، سەرەڕای تەواوبوونی چاکسازییەکان، هەردوو فڕۆکەخانەکە هێشتا بە "داخراوی" ماونەتەوە.

دەسەڵاتدارانی سوریا وەڵامی داواکارییەکی ئاژانسی فرانس پرێسیان نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر درێژەکێشانی داخستنی ئەو فڕۆکەخانانە.

عەبدولڕەحمان گوتیشی " لە ساڵی 2011وە ململانێکانی سوریا دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی لایەنگری دیموکراسی، ئیسرائیل چەندین جار فڕۆکەخانەی دیمەشقی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بۆ ماوەی مانگێک فڕۆکەخانەی دیمەشق دادەخرێت."

ئیسرائیل کە لە ساڵی 2011ەوە سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو وڵاتەی دراوسێی باکووری وڵاتەکەی ئەنجام داوە و بە پلەی یەکەم چەکدارانی حزبوڵا و هێزەکانی دیکەی سەر بە ئێران و هەروەها پێگەکانی سوپای سوریای کردووەتە ئامانج، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی مانگی دەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ڕوانگە کە تۆڕێکی بەرفراوانی سەرچاوەکانی لە ناوخۆی سوریادا هەیە، ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل ناوەندێکی سەر بە حزبوڵای لوبنانیان لە لادێکانی دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج.

دواتر هەواڵی "هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانی ئیسرائیلی کە حزبوڵای کردە ئامانج" ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی دەستبەجێ ئاماژە بە زیانە گیانییەکان بکات.

میدیای دەوڵەتی سوریا هەواڵی هێرشەکەی بەرەبەیانیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بەڵام ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سانا، بە ئاماژەدان بە بەیاننامەیەکی لەشکری دواتر ڕایگەیاند کە لە نزیک کاتژمێر 3:10 خولەکی پاشنیوەڕۆ "دوژمنی زایۆنی بە دوو مووشەک لە ئاڕاستەی جۆلانی داگیرکراوی سوریا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و هەندێک خاڵی لە دەوروبەری شاری دیمەشق کردووەتە ئامانج."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەرگرییە ئاسمانییەکان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و یەکێک لە مووشەکەکانیان خستووەتە خوارەوە".

بەهۆی ئەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەب لە سوریا داخراون، وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاندووە، گەشتەکان بۆ لازقییە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا گۆڕدراون.

فڕۆکەخانەی لازقییە کە زیاتر لە 300 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، بچووکترە و گەشتەکانی ئەوێ سنووردارە، لەوانەش بۆ ڕووسیا و ئێران و عێراق.

ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئەم جۆرە هێرشانە دەدات کە سوریا دەکەنە ئامانج، بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنی سەرسەخت کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکات، ئامادەیی خۆی لەوێ فراوانتر بکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG