ئێف بی ئای کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی هێنا سەبارەت بە ڕووداوێکی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە خاڵێکی سنووری نێوان ئەمەریکا و کەنەدا، پاش ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزییەوە کە هێرشێکی تیرۆرستی بووبێت. ئەمەش نیگەرانییەکانی کەمکردەوە لە کاتێکدا ئەمەریکاییەکان دەست بە پشووی جەژنی سوپاسگوزاری دەکەن.
لە ڕووداوەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە نایاگرا فاڵس دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پاسەوانێکی سنووریش بریندار بوو.
بڕیارەکەی FBI درەنگانی چوارشەممە دوای چەند کاتژمێرێک بوو کە ئۆتۆمبێلەکە زۆر بە خێرایی بەناو چوارڕێیانێکدا ڕۆیشت و بەر بەربەستی شەقامەکە کەوت و پەڕی و لەسەر پردی پەلکەزێڕینەی نێوان ئەمەریکا و کەنەدا گڕیگرت.
ئێستا پۆلیسی ناوخۆیی وەک لێکۆڵینەوەیەکی هاتوچۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات.
ئۆفیسی ئێف بی ئای شاری بەفەڵۆی نیویۆرک لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت پاش " گەڕان لە شوێنی ڕووداوەکە هیچ کەرەستەیەکی تەقینەوە نەدۆزراوەتەوە، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی تیرۆریش دەستنیشان نەکراوە ."
ئاماژە بەوەش دەکات ئەم دۆسێیە خراوەتە بەردەم " بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نایاگرا فاڵس و وەکو دۆسێیەکی ترافیک لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت."
بەگوێرەی کەسێک زانیاری لەسەر لێکۆڵینەوەکە هەیە و بە مەرجێک نناوی ئاشکرا نەکرێت بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس قسەی کردووە، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە هاوسەر بوون. تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون ئاشکرا نەکراوە.
ڕووداوەکە بووە هۆی داخستنی پردی پەلکەزێڕینە و سێ پردی دیکە کە ڕۆژئاوای نیویۆرک و ئۆنتاریۆ بەیەکەوە دەبەستنەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی فیدراڵی ناوچەکەیان گرت و هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا جەستن ترودۆ لە ڕووداوەکە ئاگادار کرانەوە. دوای چەند کاتژمێرێک، بەرپرسان هەوڵیان دا نیگەرانییەکانیان هێور بکەنەوە کە یەکێکە لە سەرقاڵیترین ڕۆژەکانی گەشتکردن بوو لە ساڵدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئیدارەی ڕێگاوبانی فیدراڵی ئەمەریکا، ڕۆژانە نزیکەی 6 هەزار ئۆتۆمبێل بەسەر ئەو پردەدا تێدەپەڕن.