ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند حوسییەکانی یەمەن دەستیان گرتووە بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی و ژاپۆنی لە باشووری دەریای سووردا و ڕووداوەکەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی ئێران" ناودێر کرد کە لێکەوتەکانی کاریگەری دەبێت بۆ سەر ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی.
حوسییەکان کە هاوپەیمانی تارانن، وەک هاوسۆزی لەگەڵ چەکدارە فەلەستینیەکانی حەماس کە لە 7ی مانگی 10 ەوە لە کەرتی غەززە لە شەڕدایە لەگەڵ ئیسرائیل، مووشەکی دوورمەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە.
هەفتەی ڕابردوو ڕێبەری حوسییەکان ڕایگەیاند؛ هێزەکانیان هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن و دەتوانن کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب بکەنە ئامانج.
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن حوسییەکانەوە نەدراوە؛ بەڵام وتەبێژی گروپەکە پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە هەموو ئەو کەشتیانەی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن، یان هەڵگری ئاڵای ئیسرائیلن دەتوانن بکرێنە ئامانج.
بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا وتی "ئاگاداری دۆخەکەین و لە نزیکەوە چاودێری دەکەین".
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە ناوەکەی ڕانەگەیندراوە دەڵێت دەست بەسەر کەشتییەکدا گیراوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل پەیوەندی بە خاوەندارێتی کەشتیەکە و کارپێکردن و سەرنشینە نێودەوڵەتییەکەیەوە نییە. ئاماژە بەوەشکراوە "هیچ ئیسرائیلییەک لەناو کەشتییەکەدا نەبووە".
دەشڵێت "ئەمەش کردەوەیەکی تری تیرۆریزمی ئێرانە کە نوێنەرایەتی پەرەسەندنی شەڕخوازی ئێران دەکات لە دژی هاووڵاتیانی جیهانی ئازاد، هاوکاتی کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی بەرامبەر ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتیوانی جیهانی".
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا پێشووتر ڕایگەیاندبوو، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکە لە دەریای سوور بووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز